بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنڕیکە مورا جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە سەردانەکەیدا بۆ تاران لە گەڵ عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری سیاسی کۆبووە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە هەر دوو لا لە دانوستانەکانی نێوانیان، کاروباری دووقۆڵی و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان بە تایبەت پەیوەندییەکانی ئێران و یەکێتی ئەورووپا، دۆخی ئەفغانستان و هەروەها ڕێکەوتنی ناوەکی و گەمارۆکانی سەر ئێرانیان تاوتوێ کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر لە سەر ئەو سەردانە ڕایگەیاندبوو کە پەیوەندی نێوان تاران و یەکێتی ئەورووپا بەردەوام هەبووە و سەردانەکەی ئەنڕیکە مورا هەر لەم چوارچێوەدا دەبێت./.