بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەڵگە فیلمی «جیهانی چاپلێن» ڕۆژی پێنجشەمە 14ی ئۆکتۆبەر لە مەراسمێکدا بە ئامادە بوونی بەرهەمهێنەرانی بەڵگە فیلم، بەرپرسان و لایەنگرانی کولتوور و میدیا لە«سینەماتەک»ی مۆزەخانەی هۆنەرە هاوچەرخەکانی تاران نمایش کرا.
«جیهانی چاپلێن» ژیانی چارلی چاپلێن، بلیمەتی هونەری حەوتەم، هەوڵەکانی دژ بە شەڕ، چیرۆکی دەرکردنی لە ئەمریکا و ئەو کاریگەریانەی لە سەدەی بیستەم دا بوویەتی تاوتوێ دەکات.
تایبەتمەندی گرینگی ئەم بەڵگە فیلمە، بەرهەمهێنانی لە ڕێگای مۆبایلە و ئەم فیلمەی دەخاتە ڕیزی بەڵگە فیلمە مۆبایلیەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا لە زۆربەی وڵاتاندا پەرەی سەندووە و فێستیڤاڵی جۆراوجۆریش لە هەموو جیهاندا بۆ نمایش و کێبڕکێی بەرهەمە مۆبایلیەکان بەڕێوە دەچێت.