بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن مونس نوێنەری بزوتنەوەی مافەکان ڕایگەیاند کە چاودێران ئەویان لە شوێنی هەژمارکردنی دەنگەکان دوورخستووەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەو گوشارانەی کە لە سەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقە، وتی: تا ئێستا زیاتر لە 20 سکاڵا لە سەر ساختەکاری و پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان گەیشتووەتە کۆمیسیۆن.
بەشێک لە ناڕەزایانی عێراقیش ڕایانگەیاندووە کە جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتی خۆیی بۆ هەژمارکردنەوەی دەستیی 3 هەزار و 158 سندۆقی دەنگدان دەربڕیوە و داوای هەژمارکردنی ئەلیکترۆنیی دەنگی ئەو سندۆقانەی کردووە.
هاوکات سەمیر عۆبەید نووسەر و شرۆڤەکاری عێراقی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: پلاسخارت بە کام ماف دوو تاوانی لە دژی عێراقییەکان کردووە؟ یەکەم، کاتێک وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە بە دەیان کەسی عێراقییان کوشتووە، حاشای لەو ڕووداوە کرد و دەستبەجێ لە وەزارەتی بەرگری دوور خرایەوە. دووەم: بێدەنگی ئێستای وەک نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە تەنیا 140 سندۆق لەو 3 هەزار و 600 سندۆقەی کە هێشتا ئەنجامەکانیان لە ڕێگای مانگی دەستکردەوە وەرنەگیراوە، بە دەست هەژمار دەکرێنەوە و ئەنجامەکەشی لە ماوەی یەک هەفتەدا ڕادەگەێندرێت./.