بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر هەڵوێستی وڵاتەکەیی لە سەر چەندین دۆسیەی گرنگی ناوچەکە ئاشکرا کرد.
ناوبراو کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان بە هەڵە ناو برد و وتی کە قەتەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان لە گەڵ واشنتن و گرووپی تاڵیبان لە پەیوەندیدایە و چارەسەرکردنی ئەو هەموو کێشە و گرفتەی ئەفغانستان بە بێ پەیوەندی و هاوکاری لە گەڵ حکومەتە کاتییەکەی تاڵیبان ناکرێت.
وەزیری دەرەوەی قەتەر بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاند کە پێشوازی لە لێک نزیکبوونەوەی ئێران و سعوودیە وەک دوو کاراکتەری گرنگی ناوچەکە دەکەین.
ئالی سانی سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێرانیش وتی کە گەڕانەوەی ئەو ڕێکەوتنە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەدایە و بۆ ئەمەش هەر پاڵپشتییەک پێویست بێت دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی قەتەر داوای لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس کرد کە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییان هەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەندین وڵاتی عەرەبی ناوچەکە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ڕێکەوتنی ئابراهام بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب لە گەڵ سیاسەتەکانی دەوحە یەک ناگرێتەوە و هیچ ئاسۆیەکی بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاری لە فەڵەستین تێدا بەدی ناکرێت، تا ئەو کاتەی کە ئیسرائیل لە داگیرکاری بەردەوام بێت، ناتوانین بیر لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەو ڕژێمە بکەینەوە./.