بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیندووکردنەوەی کەرتی گەشتیاری لە پاش دوو ساڵ قەیرانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێستادا بووەتە ستراتیژی زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە گرنگی بە داهاتی ئەم کەرتە دەدەن.
گەشتیاری، پیشەسازییەک کە زیاترین زیانی لە کۆرۆنا بەرکەوتووە:
شایستە موقەدەس، چالاکوانی کەرتی گەشتیاری ئێران، مامۆستای زانکۆ و دانیشتووی وڵاتی مالیزیا لە سەر ئەم تەوەرە ڕایگەیاند: لە ساڵانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترین زیان بەر کەرتی گەشتیاری کەوتووە و یەکەم پیشەسازی بوو کە زیانەکانی پێگەیشت و دوایین کەرتیشە کە کراوەتەوە. لە سەر ئاستی جیهان زیانێکی زۆر بەر ئەم پیشەسازییە کەوتووە. بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2020 لە لایەن ڕێکخراوی جیهانی گەشتیارییەوە بڵاو کراوەتەوە، نزیکەی لە سەدا 72 ی سەردان و گەشتەکان کەم بووەتەوە و ئەمەش ڕێژەیەکی زۆرە. ئەو سەردانانەش ئەوانە بوون کە کەسەکان یان گەشتیارەکان لانیکەم یەک شەو لەو شوێنانەی سەردانیان کردووە دەمانەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی 900 ملیۆن گەشتیار و بووەتە هۆی لە دەستچوونی نزیکەی 935 ملیۆن دۆلار.
ژمارەی گەشتیاران لە ساڵانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە سەدا 70 کەمیکردووە:
ئەو چالاکوانەی کەرتی گەشتیاری سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لە سەر کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران، وتی: ئەو زیانەی کە بە هۆی کۆرۆناوە بەر کەرتی گەشتیاری کەوتووە، دە هێندەی ئەو زیانەیە کە ساڵی 2019 لە سەر کەرتی گەشتیاری جیهان بینرا. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە نزیکەی لە سەدا 70 ی گەشتیاران لە ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست کەمبووەتەوە و ئەمەش لە ئەفریقا لە سەدا 69 و لە نایجڕیا لە سەدا 72 بووە. لە ئەورووپا و ئەمریکا ڕێژەکە لە سەدا 60 تۆمار کراوە. کەمبوونەوەی لە سەدا 70 ی ژمارەی گەشتیاران لە وڵاتانی ئاسیایی زیانێکی زۆرە، بە تایبەت ئەوەی کە لە زۆربەی وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گەشتیاری ڕۆڵی بەرچاوی لە داهاتەکانی ئەواندا هەیە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەدا وتی: وڵاتانی وەک تایلەند، مالیزیا، ئەندونیزیا و ڤێتنام قۆناغێکیان تێپەڕ کردووە کە قەرەبووکردنەوەی ئەستەمە، بە شێوازێک کە وڵاتێکی وەک مالیزیا لە ساڵی 2020 تەنیا 4 ملیۆن گەشتیاری هەبووە. لەم ژمارەش 2 ملیۆن و 160 هەزار کەس لە کانوونی دووەم گەشتیان کردووە و لە مانگی ئادار کە مالیزیا چووە کەرەنتینەوە، هیچ گەشتیارێکی قبووڵ نەکردووە. لە ساڵی 2019 مالیزیا 26 ملیۆن گەشتیاری هەبووە و بەراورد بە ساڵی 2020 تا 6 هێندە ئامارەکەی دابەزیوە. وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە تایبەت مالیزیا سەرمایەگوزاری زۆریان لە کەرتی گەشتیاریدا کردووە و لەم ڕێگایەشدا بەردەوامن. وڵاتی مالیزیا بۆ ساڵی 2020 پلانێکی تایبەتی هەبوو تا زیاتر گەشە بە کەرتی گەشتیاری خۆی بدات کە بە هۆی هەلومەرجی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڕوبەڕوی شکست بوویەوە. ئەمەش تەنیا تایبەت بە مالیزیا نەبوو و وڵاتانی جیهان بە گشتی ئەو زیانەیان بەرکەوتووە.
لە قەیرانی کۆرۆنادا مرۆڤەکان بەوە گەیشتن کە چەندە پێویستیان بە گەشتکردن هەیە:
شایستە موقەدەس وتی کە یەکێک لەو وانانەی کە خەڵک لە قەیرانی کۆرۆنا وەریانگرتووە، ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ چەندە پێویستمان بە گەشتکردن هەیە و گرنگی سەردانیکردن و گەشتکردنیش لەم قەیرانەدا ڕوون بووەتەوە.
ئاسانکاری بۆ گەشتکردن لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا:
ئەو چالاکوانەی کەرتی گەشتیاری سەبارەت بەوەی کە لەم هەلومەرجەدا چی دەتوانێت گەشە بە کەرتی گەشتیاری بدات؟ وتی: لە ئێستادا ئێمە پێویستمان بە گەشتکردنی تەندرووست هەیە و ئەمەش تەنیا لە ڕێگای بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە لایەن خەڵک و لەبەرچاوگرتنی ڕێنماییە تەندرووستییەکانەوە دەبێت. خاڵی دیکە پاراستنی هێزی مرۆڤییە، ئێمە نابێت هێزی مرۆڤی لە دەست بدەین، ژمارەیەک لە وڵاتان گرنگییان بەمە داوە و ڤاکسێنیان بۆ سەرجەم فەرمانبەران و کرێکارانی ناو هوتێل و میوانخانە و چێشتخانەکان داوە. کۆرۆنا لە گەڵ ئێمە دەبێت بەڵام مرۆڤەکان لە ڕووی دەروونییەوە پێویستیان بە گەشتکردنیش هەیە، هەر بۆیە بەکارهێنانی ڤاکسێن و هەبوونی بەڵگەی ئەو بەکارهێنانە دەبێت بۆ گەشتکردن لە بەرچاو بگیردرێت.
خەڵک تینوی گەشتکردنن و ڤاکسێنیش مەرجی یەکەمی پاراستنی مرۆڤەکانە:
دکتۆر موقەدەس وتی کە ڤاکسێن تەنیا ڕێگای ڕزگارکردنی پیشەسازییەکان بە تایبەت کەرتی گەشتیارییە. خەڵک و میوانان تینوی گەشتکردنن بەڵام گەشتێکی پارێزراو لە یەکەم هەنگاودا پێویستی بە بەکارهێنانی ڤاکسێنە، ڤاکسێنە کە دەتوانێت هەمووان بپارێزێت، بە تایبەت کاتێک کە سەرجەم فەرمانبەر و کرێکارانی هوتێل و میوانخانەکان بە ڤاکسێنی کۆرۆنا کوترابن، بە دڵنیاییەوە بەرکەوتن بەو ڤایرۆسە زۆر کەمتر دەبێت.
ناوبراو وتی: زۆربەی وڵاتانی جیهان بەو مەرجانەی کە لە سەدا 90 ی خەڵک ڤاکسێنیان بەکار هێنابێت، سەرجەم گەشتیارانی بیانی ڤاکسێنی بڕواکراویان بەکار هێنابێت و پێش گەیشتن پشکنینی کۆرۆنایان کردبێت، دەیانەوێت سنورەکانیان بە ڕووی خەڵکی بیانیدا بکەنەوە، لە بەر ئەوەی کە بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە مەترسی گەشتکردن کەم دەبێتەوە و ئێستا لە زۆربەی جەمسەرە گەشتیارییەکانی جیهان هەبوونی پاپسۆرتی ڤاکسێن بە پێویست دادەنرێت.
ئێران و کەرتی دەوڵەمەندی گەشتیاری بۆ قۆناغی پاش کۆرۆنا:
شایستە موقەدەس سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە دەفرایەتییە گەشتیارییەکان لە قۆناغەکانی پاش کۆرۆنا، وتی: سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە کەوتوونەتە بەر شەپۆلی قەیرانەکانی کۆرۆنا، پلانی تایبەتیان بۆ بوژانەوەی ئەم کەرتە هەتە. ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە دەفرایەتییەکی زۆری لە بواری گەشتیاریدا هەیە، گەشتیاری ئیسلامی، گەشتیاری تەندرووستی، گەشتیاری فێرکاری و ….. کە دەکرێت بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی کەرتی تایبەت باشترین داهاتی لێ کۆبکرێتەوە.
وتیشی کە بۆ بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری دەبێت کەڵک لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارە جیاجیاکانی ئەم کەرتەدا بگیردرێت./.