بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2022 ی ئەم وڵاتە ئامادە کراوە و پاش پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێ دەکرێت.
ناوبراو وتی: ڕەشنووسی بودجە ئامادە کراوە بەڵام لەم حکومەتەدا تاوتوێ ناکرێت، لە بەر ئەوەی کە حکومەتەکەی کازمی بووەتە کاربەڕێکەر، بودجەی ساڵی داهاتوو لە حکومەتی نوێدا تاوتوێ و پەسەند دەکرێت و پێدەچێت تا پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان ماوەیەکی زۆری بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی بوێت.
مەزهەر محەممەد ساڵح ڕایگەیاند کە وەزارەتی دارایی عێراق نرخی هەر بەرمیل نەوتی لە بودجەی ساڵی داهاتوو بە 50 دۆلار دیاری کردووە.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە حکومەتی داهاتوو پلانی ئابوریی تایبەت بە خۆیی هەیە و ڕەنگە دژایەتی بودجە بکات بەڵام ئەگەر پەسەندکردنی بودجە دوا بکەوێت کەڵک لە یاسای دارایی ساڵی 2021 بۆ هەر مانگێک دەگیرێت./.