بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگری هەواڵی العربی الجدید کە نووسینگەی سەرەکیی لە شاری دەوحەی قەتەرە، ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگای چەند سەرچاوەیەکەوە لە واشنتن دەستی بە وردەکاری پرۆژە پێشنیارێکی ئەردەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا گەیشتووە.
ئەو پرۆژەش کە بە شێوازی نافەرمی، نزیکەی دوو هەفتەی ڕابردوو، لە پەراوێزی دانیشتنەکانی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دراوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، هێشتا بە تەواوی پەسەند نەکراوە و ئەگەری تاوتوێ و چاکسازیی تێدایە.
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەردەن، پێشوازییەکی ئەوتۆ لەو پرۆژە پێشنیارە لە لایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە نەکراوە و دیار نییە پاڵپشتی کام وڵاتی عەرەبیشی لە پشتە.
ئەو پرۆژەش لە 5 لاپەڕەدا ئامادە کراوە و بنەماکەشی ئەوەیە کە ڕووخان و گۆڕینی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا پلانێکی شکستخواردووە و دەبێت بە پێی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بیر لە چارەسەرێکی سیاسی بکرێتەوە کە تا ئێستا بەرەوپێشچوونێک لەم بوارەدا بەدی نەکراوە.
لەو پرۆژە پێشنیارەدا ئاماژە بە ڕەهەندە جیاجیاکانی شکستی چۆنیەتی مامەڵە لە گەڵ قەیرانی سوریا لە ڕووی مرۆڤی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پەنابەران و ئاوارەکان و ئابورییەوە دراوە و پاشان شێوازێکی نوێ پێشنیار کراوە کە تێیدا هەوڵ دەدرێت بە پێدانی هەندێک هاندەر بۆ گەلی سوریا، هەڵسووکەوتی حکومەتی دیمەشق بەرەو گۆڕانکاری ببرێت.
بە پێی ئەو پێشنیارەش، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هەندێک ئیمتیازی کرداری بۆ گەلی سوریا، گۆڕینی هەڵسووکەوتی حکومەتی ئەم وڵاتەی وەک مەرجێک داناوە و پرۆسەکە لە بابەتە مرۆڤییەکانەوە دەست پێدەکات و لە ئاکامدا دەگاتە بابەتە سیاسییەکان بە تایبەت جێبەجێکردنی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
پرۆژەکە ڕەزامەندی ڕووسیای وەک دەستەبەری سەرکەوتنی ناو بردووە و جەختی لە سەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ و هاوڕێبوونی لە گەڵ ئەم پێشنیارەدا کردووەتەوە و بانگەشەی ئەوەشیکردووە کە لەو ڕێگایەوە دەتوانرێت ڕێگا لە بەرفراوانبوونی هەژموونی ئێران لە سوریا بگیررێت.
لەو پرۆژەیەدا چوار بابەت هاتووە کە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت:
یەکەم:
بابەتی مرۆڤی کە گرنگی بە ڕەزامەندی حکومەتی سوریا بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان لە ڕێگای سنورەکانیەوە دەدات و موڵەتی گەیشتنی نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرجەم ناوچەکانی ئەم وڵاتە دەدات، وێڕای ئەوەی کە داڕشتنێکی تەواو بۆ پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت و لە بەرامبەردا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاری تەندرووستی بۆ سوریا دەنێرێت و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانبەرکەوتووەکانیش دەست پێدەکاتەوە.
دووەم:
بابەتی سیاسی کە تێیدا جەخت لە سەر خێرابوونی داڕشتنەوەی دەستووری نوێی سوریا، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووەکان، ڕەزامەندی لە سەر حکومەتی ڕاگوزەری بنکەفراوان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوەتەوە و لە بەرامبەردا بەرە بەرە لە سزا و گەمارۆکانی سوریا کەم دەکرێتەوە و پەیوەندییەکانی دیمەشق و وڵاتانی دیکەی جیهان دەست پێدەکاتەوە و سوریا بۆ پێگەی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی دەگەڕێتەوە.
سێهەم:
بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە کە گرنگی بە هاوکاری سوریا لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵات و باشوری ئەم وڵاتە دەدات کە لە بەرامبەردا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هاوکاری سوریا دەکات بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانەی پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بووە، هەروەها جەخت لە سەر یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی کەمپی هۆلیش کراوەتەوە.
چوارەم:
کشانەوەی سەرجەم هێزە دەرەکییەکان لە خاکی سوریا و ناوچە سنورییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ڕووسیا بۆ دۆخی پێش 2011 و کشانەوەی هێزەکانی ئێران بە تەواوی. کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێکەوتنی نێوان دیمەشق و کوردانی سوریا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچانەی ئەوان کۆنتڕۆڵیان کردووە. هەروەها بە پتەوبوونی هاوکارییە ئەمنییەکانی سوریا و وڵاتانی دراوسێ و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەم وڵاتە، سەرجەم هێرشە ئاسمانییەکانی سەر سوریا لە لایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ڕادەگیرێت./.