بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدر حوسێنی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، وتی: ڕەنگە یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتەکان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بوو، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکییەکان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو بەردەوام هەوڵی دواخستنی پرۆسەکەیان دەدا.
ناوبراو یەکێکی دیکە لە دەسکەوتەکانی ئەم هەڵبژاردنانەی عێراقی بە سەرکەوتنی لایەنە ئیسلامییەکان بە تایبەت شێعەکان ناو برد و وتی: ئەمریکا جارێکی دیکە لە تێکدانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شکستی هێناوە کە ئەمەش دەسکەوتێکی گەورەی عێراقییەکانە، ئەوان هەوڵ دەدەن کە هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە شێوازێک بێت کە ناڕەزایەتی جەماوەری و خۆپێشاندانی لێبکەوێتەوە.
سەدر حوسێنی وتی: ئەم هەڵبژاردنانە سەرەڕای کێشە و ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری خەڵک بە بۆنەی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و هەروەها بە پێی گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنەکان و ئاشنانەبوونی زۆرینەی خەڵک لە گەڵ سیستەمی بازنەیی، بە بەشداری لە سەدا 41 ی ئەوان بەڕێوەچوو و بۆ ئەم هەلومەرجە پرۆسەیەکی گونجاو و قبووڵکراوە.
وتیشی کە عێراق بە بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە دەتوانێت نموونەیەک بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس کە ئاشنایی کەمتریان لە گەڵ سندۆقەکانی دەنگدان هەیە، لە بەر ئەوەی کە گەلی عێراق کۆتاییان بە دیکتاتۆریەت هێنا و هەڵبژاردنەکانیان بە ڕێگری لە دەستێوەردانی بێگانەکان بەڕێوەبردووە.
سەید ڕەزا سەدر حوسێنی وتی: بە پێی هەڕەشە تیرۆریستییەکان، ئەم هەڵبژاردنانە ئەوەی سەلماند کە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە دەتوانن ئاسایشی هەڵبژاردنەکان لە ڕێگای هێزە ناوخۆییەکانەوە دابین بکەن و ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە ئەمریکییەکان بەردەوام بە پاساوی نەبوونی ئاسایشەوە هەوڵی دواخستنیان دەدا./.