بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێلم لە ڕیزی سەوزەکاندا هەژمار دەکرێت کە بە دوو شێوازی خاو و کوڵاو بە کار دێت، ئەم سەوزە پڕ سوودە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C، ڤیتامین B3، مادە کانزاییەکان، کالسیۆم، فسفۆڕ، پتاسیۆم، سدیۆم و مەنیزیۆم. تەنانەت گەڵای شێلمیش سوودی هەیە و لە مادە کانزاییەکان، ئەنتی ئۆکسیدانەکان و جۆرەکانی ڤیتامین.
لە درێژەدا باس لە هەندێک تایبەتمەندی شێلم دەکرێت:
بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە:
ڤیتامین C لە شێلمدا یارمەتیدەری بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری جەستەیە و ڕێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە دەکات. ڤیتامین C ڕوبەڕوی ئەو هۆکارانە دەبێتەوە کە نەخۆشییەکانی لێدەکەوێتەوە.
باشترکردنی تەندرووستی دڵ:
ڤیتامین K ی نێو شێلم ڕێگری لە نەخۆشییەکانی وەک جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک دەکات. ئەم ڤیتامینە لە شێلمدا زۆرە، ئەسید فولیکی نێو شێلم یارمەتیدەری باشترکردنی کاری دڵە، بەدەر لەمەش پتاسیۆمی نێو شێلم بە دابەزینی پەستانی خوێن، فشاری سەر خوێنبەرەکان کەم دەکاتەوە و ڕێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ دەکات.
پاراستنی ئێسکەکان:
شێلم هەڵگری بڕێکی زۆر لە پتاسیۆم و کالسیۆمە کە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان و ئێسکەکان زۆر پێویستە. کالسیۆم بۆ نەخۆشەکانی توشبوو بە ئارترۆز و هەوکردنی جومگەکان بەسوودە، مادە کانزاییەکانی نێو شێلمیش یارمەتیدەری گەشە و بەهێزبوونی ئێسکەکانە و مەترسی توشبوون بە ئێسکە نەرمە کەم دەکاتەوە.
کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە:
ئەنتی ئۆکسیدانەکانی نێو شێلم وەک ڤیتامین C، ڤیتامین E، و بیتاکاروتن مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە بە ڕادەیەکی زۆر کەم دەکەنەوە. تەنانەت ئەوانەش کە توشی ئەم نەخۆشییەن بە خواردنی شێلم دەتوانن شکست بە شێرپەنجە بێنن. پێکهاتەی چالاکی نێو شێلم دەتوانێت خانەکانی شێرپەنجە لە ناو ببات و ڕێگری لەو نەخۆشییە بکات. پزیشکان دەڵێن کە خواردنی شێلم مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و کۆڵۆن تا ڕادەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە./.