بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و جەیحون بایرامۆف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە سەر پێویستی ڕێزی بەرامبەر و پاراستنی سەربەخۆیی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان کردەوە و وتی کە ئێران و ئازەربایجان پەیوەندییەکی کۆنیان پێکەوە هەیە.
ناوبراو وتی: تاران و باکو دەبێت ڕێگری لە بەهەڵەتێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوانیان بکەن و پێویستە بە خێرایی درێژە بە پەیوەندییەکانیان لە ڕاستە ڕێگای خۆیدا بدەن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێران و ئازەربایجان دوژمنیان هەیە و هەر دوو لا نابێت دەرفەت بەو دوژمنانە بدەن کە کێشە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا بخوڵقێنن و نیگەرانییەکانیش دەبێت لە ڕێگای وتووێژ و هاوکارییەوە چارەسەر بکرێت.
لە درێژەی ئەو وتووێژەدا وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە دۆستانە ناو برد و وتی کە کۆماری ئازەربایجان گرنگی بە پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دۆست دەدات.
بایرامۆف جەختی لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای وتووێژ و لە کەشێکی دۆستانەدا کردەوە./.