بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم جێگری ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا بە توندی ڕەخنەی لە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆیی لوبنان گرت.
ناوبراو وتی کە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و گەندەڵی تاقمی دەسەڵاتدار بووەتە هۆکاری قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی لوبنان.
شێخ نەعیم قاسم وتی: هۆکاری زۆر بۆ ئەم دۆخەی لوبنان هەیە، بەڵام دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و پاڵپشتی ئەو وڵاتە لە تاقمی دەسەڵاتداری گەندەڵ، هۆکاری سەرەکییە.
ئەو بەرپرسەی حیزبوڵڵا جەختیکردەوە کە ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕووخانی کەرتی ئابوری لوبنان سەلمێندراوە و بۆ کەس شاراوە نییە، ئەوان سزایان بە سەر وڵاتی ئێمەدا سەپاند و سیستەمی بانکییان مایەپووچ کردووە و موڵەتی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دیکەدا نادەن.
وتیشی کە ئەمریکییەکان یاسای سزاریان لە دژی سوریا خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ڕێگری لە هاوکاری و پەیوەندی لوبنان و ئەو وڵاتە دەکەن./.