بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراقی بە چارەنووسساز ناو برد کە وا لە هەمووان دەکات یەکەم جار گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی وڵات بدەن.
ناوبراو هەڵبژاردنەکانی بە دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەتوانا و بەهێز ناو برد تا چاکسازی لە ڕێگای هەڵەدا بکات و ڕوبەڕوی کێشە گەورەکان ببێتەوە، دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بخاتە بەردەم گەلی عێراق و بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و بۆ پێداچوونەوە لە دەستوور و جێبەجێکردنی لە ڕێگای ڕێکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە هەوڵ بدات.
بەرهەم ساڵح جەختیکردەوە کە هەموو ئەمانەش تەنیا لە ڕێگای پێکهێنانی پەرلەمانێکەوە دەبێت کە پیشاندەری ئیرادەی خەڵک بە دوور لە هەر چەشنە ساختەکارییەک بێت و بتوانێت حکومەتێکی کاریگەر پێک بێنێت کە بەپەلە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدات.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیمۆکراسی شیاوی ڕێزلێنانە بەڵام ناتوانین باس لە کێشەکانی ئەم سیستەمەش لە وڵاتدا نەکەین و هەڵبژاردنەکان دەبێت لە ڕێگای چاکسازییەوە پێگەی عێراق بگەڕێنێتەوە.
ناوبراو وتی کە چاوی جیهانیان بڕاوەتە ئیرادەی گەلی عێراق کە دژوارترین قۆناغەکانی دیکتاتۆری و تیرۆریزمی تێپەڕ کرد و دەبێت هەوڵ بدەین کە هەڵبژاردنەکان زمانی پاراوای گەل و جەختکردنەوە لە سەر ئازادی و گەڕانەوەی عێراق بۆ پێگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکەی بێت.
سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژاردنەکانی بە خاڵی گۆڕانکاری لە داهاتووی عێراق ناو برد و وتی کە دەتوانێت ئیرادەی خەڵک بە سەر هەموواندا بسەپێنێت./.