بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە چاوپێکەوتنەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا جەخت لە سەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەر دوو وڵات کرایەوە و لە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان، یەمەن، عێراق و سوریاش بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا.
وەزیری دەرەوەی ئێران پیرۆزبایی سەرکەوتنە سیاسی، نێودەوڵەتی و مەیدانییەکانی سوریای کرد و وتی کە کەشی دیپلۆماسی لە دانیشتنەکانی ئەم دواییەی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پیشاندەری گۆڕانکاری دۆخەکە لە بەرژەوەندی سوریادا بوو.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە ئەفغانستانیش وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ سەرجەم لایەنەکانی ئەو وڵاتە لە پەیوەندیدایە و هەمووان بانگهێشتی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر دەکات.
لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دا و وتی: ئەم دۆخە پیشاندەری سەرهەڵدانی بەرەی نوێ و لاوازبوونی بەرەی وڵاتانی ڕۆژئاوایە، وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێی ئەفغانستان دەزانن کە ئەمریکا بەرپرسیاریەتی کار و سیاسەتەکانی لە ئەفغانستان لە ئەستۆ ناگرێت.
ناوبراو سەبارەت بە لێژنەی داڕشتنەوەی دەستووری سوریاش وتی کە هەڵسووکەوتی ئێمە لە گەڵ ئەو لێژنەیە بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی سوریایە نەک لە گەڵ دەستێوەردان و سەپاندنی بۆچوونی وڵاتانی بێگانە.
بەشار ئەسەد هەروەها جەختی لە سەر کۆتایی داگیرکاری و گەڕانەوەی سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان بۆ باوەشی سوریا کردەوە./.