بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێک سەبارەت بە پڕوپاگەندەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی پلانی ناوەکی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی کە هەموو جیهان دەزانێت ئەو ڕژێمە لە ئاست و پێگەیەکدا نییە بتوانێت قسە لە سەر ئێران بکات.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی خاوەنی سەدان کڵاوەی ناوەکییە، ئەندامی ڕێکەوتنی قەدەغەکردنی چەکی ناوەکی نییە و لە ئەندامبوون لەم ڕێکەوتنە یان هەر چاودێرییەکی نێودەوڵەتی خۆی بە دوور دەگرێت.
خەتیب زادە وتی: ڕژێمێک کە دژی ئەوەیە ناوچەکە لە چەکی ناوەکی و قەدەغەکراو پاک بکرێتەوە مافی ئەوەی نییە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران قسە بکات کە ئەندامی ئەو ڕێکەوتنەیە و بەردەوام پابەندی یاسا و بەڵێنەکانی خۆی بووە و 15 ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیش ئەم پابەندبوونە ڕاستگۆیانەی ئێرانی بە ڕێکەوتنی ناوەکی پشتڕاست کردووەتەوە./.