بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا سەبارەت بە گۆڕینی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر حکومەتی دیمەشق، وتی: باس لە گۆڕینی هەڵوێستەکان نییە بەڵکوو گرنگ شکستی وڵاتانی ڕۆژئاوایە و هۆکارەکەشی دەسکەوتەکانی سوریایە لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم.
ناوبراو وتی: ئەو دەسکەوتانەی کە سوریا لە شەڕی دژ بە تیرۆر بە دەستی هێناوە، هۆکاری گۆڕینی هەڵوێستی سیاسی نێودەوڵەتییە لە بەرامبەر حکومەتی دیمەشق.
مێقداد وتی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چیدی موڵەتی خۆسەپاندنی تاکلایانە بە ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا نادەن.
وەزیری دەرەوەی سوریا جەختی لە سەر کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لە ناوچەکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە کردەوە و وتی: ئەگەر تورکیا نیازی داگیرکردنی هەمیشەیی هەیە دەبێت بزانێت کە لە خەون و خەیاڵدایە و تەنیا کات و پارە و گیانی هێزەکانی بە فیڕۆ دەدات.
وتیشی کە سوریا واز لە یەک بست خاکی خۆی ناهێنێت و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا لەناوچوونی بەردەوام دەبێت./.