بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەسر شمەری وتەبێژی بزوتنەوەی نۆجەبای عێراق وتی: زۆربەی عێراقییەکان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم وڵاتە لە دژی داگیرکاریی هێزەکانی ئەمریکا دەنگ دەدەن.
ناوبراو بە ئاژانسی فارسی ئێرانی ڕاگەیاند کە ئەم هەڵبژاردنانە دەتوانێت ئەنجامی بێهیوایی بۆ ئەو لایەنانە هەبێت کە خۆیان بە گەورەتر لەوەی هەن، پیشان دەدەن.
شمەری وتی: ڕەنگە هەندێک بیانەوێت پاک و بێگەردیی هەڵبژاردنەکان ڕوبەڕوی پرسیار بکەنەوە، بەڵام ئەو هەوڵانە بە بەشداری زۆرینەی خەڵک لە بنکەکانی دەنگدان پووچەڵ دەکرێتەوە.
وتەبێژی بزوتنەوەی نۆجەبای عێراق وتی: هەڵبژاردنەکانی ناوچەکە کاریگەریی لە سەر هاوکێشەکانی ناوچەکە دەبێت و بە شێوازێکە کە ئەمریکا لە دژی دیمۆکراسیەتی عێراق لە گەڵ ژمارەیەک لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکە یەکیان گرتووە.
وتیشی کە ئەمریکا گوشارەکانی لە سەر سێ وڵاتی ئێران، عێراق و لوبنان چڕ کردووەتەوە و ئەم سێ وڵاتەش لە ناوچەکە زیاترین هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتیان هەیە.
نەسر شمەری وتی: هەڵبژاردنەکانی عێراق دەتوانێت گەلانی ناوچەکە لە دژی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرانە هان بدات تا بۆ ڕزگاربوونی خۆیان هەوڵ بدەن و لە لایەکی دیکەوە، سەرکەوتنی بەرەی دژ بە ئەمریکاش لە عێراق دەتوانێت پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە خێراتر بکات.
ناوبراو وتی: ئەنجامی زۆربەی ڕاپرسییەکان گوزارشت لەوە دەکات کە زۆربەی عێراقییەکان لە دژی بەرەی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئەمریکاوە دەنگ دەدەن، بە دوو هۆکار ئەمەش دەڵێم، یەکەم ئەوەی کە مەرجەعیەتە ئائینییەکان دەنگدانیان بەو کەسانە کە بڕوایان بە سەروەری تەواوی عێراق و بنەما ئائینی و ئەخلاقییەکان نییە حەرام کردووە، دووەم ئەوەی کە کۆمەڵانی خەڵکی عێراق لایەنگری ئالوبەیت و دژی داگیرکاری و زاڵبوونی بێگانەکان و نەخشەکانی ئەوانن بۆ سازشت./.