بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند کە پرۆسەی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە دەستیپێکردووە و پاش بەڕێوەچوونی وتووێژی ستراتیژی نێوان هەر دوو وڵات و هەروەها کۆبوونەوەکانی لێژنە هاوبەشەکەی نێوانیان، هاوکارییەکان بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە تا 31 ی کانوونی یەکەمی 2021 بەردەوام دەبێت.
ناوبراو وتی: کشانەوەی ئەو هێزانە بە پێی ئەو پلانە دەبێت کە پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داڕشتنیان بۆ کردووە و بە پێی ئەوەش ڕاوێژکارانی سەربازی بە ئامانجی مەشق و ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە عێراق دەمێننەوە.
یەحیا ڕەسوڵ وتی کە ژمارەی ئەو هێزانەش لای فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دیاری دەکرێت و لە بنکە سەربازییەکانی عێراق دەمێننەوە و پاراستنی ئەوانیش لە ئەستۆی هێزەکانی عێراق دەبێت./.