بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی کەناڵی جزیرە، سەرەڕای ئەو سیاسەتە ئابورییەی وڵاتی عێراق لە پاش 2003 سەبارەت بە کرانەوەی ئابوری و هەوڵدان بۆ پەسەندکردنی یاسای ئابوریی پێشکەوتوو، هەوڵەکانی ئەم وڵاتە بۆ ئەندامبوون لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی تا ئێستا ئاکامێکی نەبووە، ئەمەش کێشەی خستووەتە بەردەم بازرگانی دەرەکی عێراق، سەرەڕای ئەمەش عێراق لە شوباتی ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی چاودێری ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی.
ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی لە پاش ڕێکەوتنی مەراکیش لە کانوونی دووەمی ساڵی 1995 وەک جێگرەوەی ڕێکەوتننامەی گشتی باج و بازرگانی گات (GATT) کە لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی واژۆ کرابوو، دامەزرا.
مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری، سەبارەت بەوەی کە بۆ ئەم وڵاتە نەبووەتە ئەندام لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی، وتی: ئابوریی عێراق یاسای چاودێریی لە بواری پەیوەندییە بازرگانییەکان و ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان بە پێی ستانداردی جیهانیی پەسەندکراو نییە.
ناوبراو بە ماڵپەڕی جزیرەی ڕاگەیاند کە لە عێراق هەندێک یاسای گرنگی ئابوری بوونی نییە، بە تایبەت لە بواری مافی کرێکارانی کەرتی تایبەت.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە کە لە وەزارەتی دارایی دەبێت بەشێک بۆ هاوئاهەنگی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی هەبێت.
هەروەها بارق شبر ڕێکخەری تۆڕی ئابوریناسانی عێراق ڕایگەیاندووە کە هێزی مرۆڤی حکومەیی پسپۆڕ و بەئەزموون لە بواری بازرگانیی نێودەوڵەتی و گومرکی و ئاڵوگۆڕی کاڵا لە عێراقدا نییە.
ناوبراو داوای لە دامودەزگا حکومییەکانی عێراق کردووە کە کەڵک لە ئەزموونی هەندێک وڵاتی ناوچەی کەنداوی فارس وەربگرن کە بە داڕشتنی پلان و پرۆژە ئابورییەکان، لەوەدا سەرکەوتن کە ببنە ئەندامی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی.
وڵاتی عێراق لە ئێستادا بۆ دابینکردنی بودجەی حکومەتی ناوەندی بە ڕێژەی لە سەدا 97 بەسراوەی نەوتی خاوە، لە کاتێکدا کە بازاڕی جیهانی نەوت بە هۆی ڕکابەرەکانی ئەم وڵاتە بەردەوام هەڵکشان و داکشانی بە خۆوە بینیوە و هەروەها بە هۆی لاوازبوونی عێراق لە زیندووکردنەوەی کەرتی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و هەناردەی کاڵا و پشکی زۆر کەمی کەرتی کشتووکاڵ، کێشەی جیدیی هەیە.
سەلام سەمیسم شارەزا لە بواری ئابوری بە هەمان شێوە پێی وایە کە جێبەجێنەکردنی هەندێک یاسای پاڵپشت بۆ کەرتی تایبەت و نزمبوونی ئاستی کوالیتی بەرهەمە ناوخۆییەکانی عێراق، ڕێگری لە ئەندامێتی ئەم وڵاتە لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و هەروەها گەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان دەکات.
ناوبراو وتی کە عێراق لە ساڵی 2004 تا ئێستا ئەندامی چاودێری ئەم ڕێکخراوەیە و بە هۆی جێبەجێنەکردنی یاساکانی پەیوەندیدار بە پاڵپشتی لە کەرتی تایبەت، لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ببێتە ئەندامی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی./.