بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە سەبارەت بە پاشماوەكانی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی كرایەوە و ئەوەش تاكە سەنتەرە لە عێراق و
هەرێمی كوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو چەکە کۆمەڵکوژە بوونى هەبێت و كارەكانی ئەو سەنتەرەش بۆ هەموو ناوچەكانی كوردستان دەبێت.
لەبارەی ئامانجی کردنەوەی سەنتەرەکە، د.هەڵگورد عەلی محەمەد فەرەج لێپرسراوی سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی وت: ئامانجمان لە كردنەوەی ئەم سەنتەرە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەیە بۆ بەركەوتوانی چەكی كیمیایی دروستبووە و یەکێکى دیکەش لە ئامانجەکانمان لێکۆڵینەوەیە لە ئەو پاشماوانەی چەكی كیمیایی، كە لە ناوچەكەمان هەن کە ئایا كاریگەرییان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە یان ئایا كاریگەریی لەسەر ژینگە و كشتوكاڵ هەیە؟.
وتیشی: هەڵەبجە شارێكە بە بوونى بەروبوومی زۆر کشتوکاڵى و باخداریى ناسراوە ئەو بەرووبومەش زۆرجار گومان لای هاوڵاتیان دروستدەکات، کە ئایا بەركەوتەی چەكی كیمیاییە یان نا، ئێمە لە داهاتوودا دەتوانین ئەوە بسەلمێنین کە وایە یاخود نا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پاشان ئەو بڕیارارانەى لاى ئێمەوە دەدرێن ئەكادیمین و بڕیاری تاكلایانانەی كەسی نین و لە ئاستی نێودەوڵەتیش هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندییمان لەگەڵ زانكۆی ناكازاكی و زۆر زانكۆی دیکەش هەیە.
لە وەڵامی ئەوەی ئایا سەردانی ناوچەکانی بادینان دەکەن، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە چەکی کیمیایی تێدابەکاردەهێنت؟، د.هەڵگورد عەلی محەمەد، وتی: بەدڵنیاییەوە دەبێت لە داهاتوودا سەردانی ئەو ناوچانە بكرێت و پشتڕاستبكرێتەوە.
هەروەها، د.كارزان عەبدوڵا، ڕاگری كۆلێژی تەكنیكی هەڵەبجە وتی: پێویستە توێژینەوە بكرێت لەسەر كاریگەرییەكانی ئەو چەكە و نەبوونى ئەم سەنتەرەش بۆشاییەكی گەورەبوو لەخوێندنی باڵا و تەندروستى هاوڵاتیانى هەڵەبجە، چونکە تائیستاش دڵنیا نین كە خاك و ئاوی ناوچەکە پاكە یان لە چى دۆخێكدان ئەم سەنتەرە لەوڕوەوە لێکۆڵینەوە دەکات و هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە .
كارزان عەبدوڵا، ڕاشیگەیاند: ئەم سەنتەرە بە تەنها بۆ هەڵەبجە نیە، چونکە لە زۆربەى ناوچەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان بەکارهاتووە، لەوانەش لە خاکى سوریا، کە دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بەكاریهێناوە، بەڵام هەڵەبجە لە ناسراوترین ئەو شوێنانەیە کە چەکى کیمایی تێدا بەكارهاتووە.
جیگەى ئاماژەیە، رۆژی ١٦ی ئازاری ساڵى ١٩٨٨ فڕۆکە جەنگییەکانى ڕژێمى لەناوچوى بەعس شاری هەڵەبجەیان بە چەکى کیمیایى بۆردومانکرد، کە بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس لە دانیشتوانى ئەو شارە لە ماوەى چەند خولەکێکدا گیانیان لەدەستدا و سەدان خێزانى دیکەش ئاوارەبوون و تاوەکو ئیستاش هەزاران کەس بەهۆى مانەوەى کاریگەرى خراپى ئەو چەکە لەسەرییان گیرۆدەى چەندین نەخۆشى درێژخایەن بونەتەوە.