بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد باقر حەکیم، شارەزای سیاسی عێراق، لە وتووێژێکدا سەبارەت بە گرنگی هەڵبژاردنەکانی 10 ی ئۆکتۆبەری ئەم وڵاتە، وتی: ئەوەی کە هەڵبژاردنەکان پێشوەختە بەڕێوە دەچێت پیشاندەری گرنگی ئەم خولەیە و هۆکارەکەشی بۆ خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019 و داواکارییەکانی خەڵک دەگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە یاسای نوێ لە ڕیزی گرنگترین داواکاری خۆپێشاندەراندا بووە و بۆ ئەمەش لە پاش 11 مانگ یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان لە بەرواری 09 – 11 – 2020 لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا.
83 بازنەی هەڵبژاردن لە عێراقدا هەیە
حەکیم سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وتی: ئەو یاسایەی کە لە لایەن خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازییەوە داوا دەکرا، گرنگترین خاڵی جیاوازیی لە گەڵ یاسای پێشوو ئەوەیە کە بازنەکان لە 18 بازنەی هەڵبژاردنەوە گەیشتنە 83 بازنە و دەنگدانیش بە کەسەکانە نەک بە لیستەکان، هەروەها تەمەنی کاندیدەکان لەم یاسایەدا بۆ 28 ساڵ دابەزی. بە گشتی دەتوانم بڵێم کە ئەم هەڵبژاردنە لە سر داوای خەڵک بە یاسای نوێ جێبەجێ دەکرێت و ئەمەش گرنگی هەڵبژاردنەکانی زیاد کردووە.
یاسای نوێ شانسی زیاتر بە سەربەخۆکان دەدات
ئەم شارەزا سیاسییەی عێراق لە درێژەدا وتی کە یەکێک لە داواکارییەکانی دیکەی خەڵک گەیشتنی کەسانی سەربەخۆیە بە پەرلەمان. خەڵک بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە دەیانەوێت کەسانی سەربەخۆ و بەتوانا لە پەرلەماندا بوونیان هەبێت و پەرلەمان نەبێتە موڵک و پشکخوازی لایەنەکان. بە پێی یاسای نوێ 959 کەس لەو 3249 کاندیدەی ئەم خولەی هەڵبژاردنەکان لە کەسانی سەربەخۆن و شانسی زیاتر بەوان دراوە.
پێشبینی دەکرێت لە سەدا 50 ی خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن
محەممەد باقر حەکیم پەیامەکەی مەرجەعیەتی باڵای بە هاندەری بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا ناو برد و وتی: بە پێی یاسای نوێ، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراو، بوونی کەسانی سەربەخۆ و هەروەها پەیامەکەی مەرجەعیەت، دەتوانین بڵێین کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵک بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە 15 ملیۆن کەس لەوانەی مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە کارتی دەنگدانی خۆیان وەرگرتووە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە سەدا 50 ی خەڵک بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.
بوونی کاندیدە سەربەخۆکان ڕێژەی دەنگی لایەنەکان کەم دەکاتەوە
ناوبراو وتی کە ڕێژەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان ئەمجارە تووشی دابەزین دەبێت، شکستی لایەنە سیاسییەکان لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و بوونی کەسانی سەربەخۆ لەم خولەدا وایکردووە کە دەنگی خەڵک بەو لایەنانە کەم بێت، خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 بایکۆتیان ڕاگەیاند و ئێستاش دەنگ بەو لایەنانە نادەن کە بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکردووە.
هیچ لایەنێک براوەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان نابێت
ئەم شرۆڤەکارەی کاروباری عێراق وتی کە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بە هاوپەیمانی دەبێت و هیچ حیزب و لایەنێک بە تەنیایی ناتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست بێنێت. لە شێعەکان لایەنەکانی سەر بە سەدر، مالیکی، عامری و حەکیم، لە سوننەکان لایەنەکانی سەر بە حەلبوسی و خنجەر و لە کوردەکانیش پارتی و یەکێتی زیاترین دەنگیان دەبێت.
کازمی و مالیکی دوو کەسی دیار بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەبن
حەکیم لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری کاندیدکردنەوەی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وتی: لە ئێستادا قسەکردن لە سەر ئەم بابەتە دژوارە، ڕەنگە پارتی دیمۆکراتی کوردستان داوای سەرۆک کۆماری بکات و مانەوەی بەرهەم ساڵح لەم پۆستەدا ئەستەم دەبێت، بەڵام سەبارەت بە سەرۆک وەزیرانیی عێراق ناوەکانی وەک کازمی و مالیکی زیاتر لە بەرچاوە، هەرچەندە ناکرێت ئێستا باس لەو بابەتە بکرێت. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پێکهێنانی هاوپەیمانییەکان، هەڵوێستی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکانی جیهان لە سەر هەر سێ پۆستی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گرنگە./.