بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە مۆسکۆ، وتی کە بەرپرسانی هەر دوو وڵات لە سەر ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی نێوان سەید ئیبراهیم ڕەئیسی و ڤلادیمیر پوتین لە داهاتوویەکی نزیکدا گەیشتوونەتە ڕێکەوتن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: هیوادارین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوە بکرێت، پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا پەیوەندییەکی گرنگ و ستراتیژییە، ڕووسیا هاوبەشێکی ستراتیژییە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەر کۆبوونەوەکەی لە گەڵ سرگێی لاوڕۆڤ وتی: تێڕوانینێکی نزیک لە نێوان هەر دوو وڵات لە سەر زۆربەی بابەتەکان هەیە، لە داهاتووشدا ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان تاران و مۆسکۆ واژۆ دەکرێت.
ناوبراو وتی: هیوادارین ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە ئاست پێگەی هەر دوو وڵاتی ڕووسیا و ئێران بێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە لە سەر ئەفغانستانیش وتووێژ کراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی دراوسێی ئەفغانستان و ڕووسیا بەڕێوە دەچێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە سەر ناوچەی قەوقاز نیگەرانیمان هەیە و هیچ کات بوونی ڕژێمی زایۆنیستی و تیرۆریستان لە ناوچەکەدا قبووڵ ناکەین.
ناوبراو سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەنناش وتی: ڕەوتی دانوستانەکانی ڤیەننا لە کابینەی نوێی ئێران بەرەو کۆتایی دەڕوات و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو وتووێژانەش دەست پێدەکاتەوە./.