بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی خۆڕاگری نۆجەبا وتی کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق ئەوەیە کە بەڵێنی جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزە داگیرکارەکان لەم وڵاتە بدات.
ناوبراو وتی: سەرۆک وەزیران دەبێت ڕاستگۆ و دەستپاک و پابەندی ئەو سوێندە بێت کە پێی دەست بەکار دەبێت.
وتیشی کە سەرۆک وەزیران دەبێت لە دژی ئەو کۆمپانیانەی کە سەرچاوەکانی عێراق تاڵان دەکەن هەڵوێستی هەبێت.
کەعبی وتی کە سەرۆک وەزیران دەبێت سەرجەم ئەو گرێبەستانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بە فەرمانی ئەمریکا واژۆ کراون.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا هەروەها وتی کە سەرۆک وەزیران دەبێت لە بەرامبەر پیلانەکانی سعوودیە و ئیمارات بۆ تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق بوەستێت.
ناوبراو وتی: سەرۆک وەزیران دەبێت کۆتایی بە بوونی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە ناوچەی سەوزی بەغدا بێنێت.
ئەکرەم کەعبی تایبەتمەندییەکی دیکەی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقی ئاشکرا کرد و وتی کە دەبێت دژی ئەو پیلانگێڕییە بێت کە باس لە لاوازکردنی حەشدی شەعبی دەکەن و هەروەها دەبێت پابەندی ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵا بێت لەم بوارەدا.
وتیشی کە سەرۆک وەزیران دەبێت کۆتایی بە زاڵبوونی ئەمریکا بە سەر کەرتی نەوتی عێراقەوە بێنێت.
کەعبی وتی: سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێت ئەو پیلانانەش پووچەڵ بکاتەوە کە بۆ دابەشکردن و لاوازکردنی عێراق جێبەجێ دەکرێت./.