بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەردانی دوو سەرکردەی سوننەی عێراق بۆ تورکیا بووەتە جێی سرنجی میدیاکانی ناوچەکە و جیهان.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە بە جیا لە گەڵ هەر یەک لە محەممەد حەلبوسی و خەمیس خنجەر کۆبووە. حەلبوسی سەرۆکی حیزبی تەقەدوم و خنجەر سەرۆکی حیزبی عەزمە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ و پێگەی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە ڕووماڵی سەرجەم کۆبوونەوەکانی ئەردۆغان دەکات و لە هەر کۆبوونەوەیەک چەندین وێنە بڵاو دەکاتەوە، ئەمجارە تەنیا یەک دێڕی کورت و یەک وێنەی لە سەر هەر یەک لەو دوو کۆبوونەوە بڵاو کردەوە.
محەممەد حەلبوسی سەرۆکی حیزبی تەقەدوم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تەنیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی لە گەڵ ئەردۆغان دا و هیچ شرۆڤەیەکی لە سەر نەکردووە. بەڵام خەمیس خنجەر ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوەچوو، سەبارەت بە دۆخی سیاسی ناوچەکە و گرنگی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان عێراق و کۆماری تورکیا وتووێژ کرا، ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە سنورەکانی عێراق نابێت لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە بەکار بگیرێت.
خنجەر هەروەها داوای لە ئەردۆغان کردووە کە سەبارەت بە سەردانیکردنی عێراقییەکان بۆ تورکیا بە تایبەت بۆ خوێندکاران، نەخۆشەکان و چالاکوانانی ئابوری ئاسانکاری بکرێت.
لە تاریق هاشمییەوە تا حەلبوسی و خنجەر
گرنگی کۆبوونەوەکانی ئەردۆغان و دوو سەرکردەی سوننەی عێراق لەوەدایە کە هەر دوو تەنیا 5 ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم وڵاتە سەردانی تورکیایان کردووە.
خەمیس خنجەر، محەممەد حەلبوسی و ئۆسامە نۆجەیفی سێ جەمسەری سیاسی سوننەی عێراقن و تورکیا لە چەند ساڵی ڕابردوو بەدەر لەوەی کە پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ ئەم سێ کەسایەتییەی سوننەی هەبووە، لە گەڵ سەلیم جبوری سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراقیش لە پەیوەندیدا بووە و لە هەموو گرنگتریش ئەوەی کە پاڵپشتی ئەنکەرە و دەوحە لە تاریق هاشمی، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی تێڕوانینی سیاسی تورلکیا لە بەرامبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بووە.
تورکیا لە قۆناغێکدا هەوڵی ئەوەیدا بە کەڵک وەرگرتن لە هۆزەکانی سوننەی موسڵ و برایانی نۆجەیفی، گرووپێکی سەربازیی سوننە بە ناوی حەشدی نیشتمانی پێک بێنێت بەڵام دواتر ئەم بیرۆکەیە شکستی هێنا.
ئێستا تاریق هاشمی لە پرۆسەی سیاسی عێراق بە لاوە نراوە و ئۆسامە نۆجەیفی وەک ڕابردوو سەرکردەیەکی دەستڕۆیشتوو نییە، بەم هۆیەشەوە تورکیا لەم چەند ساڵەدا پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ جبوری، حەلبوسی و خنجەر خستووەتە ڕیزی کاروبارەکانی لە عێراق.
پێشبینی دەکرێت کە هاوپەیمانییەکەی حەلبوسی کە نزیکە لە ئیمارات و سعوودیە، لە هەڵبژاردنەکانی 10 ی ئۆکتۆبەر نزیکەی 35 کورسی و خەمیس خنجەری نزیک لە تورکیاش 25 کورسی بە دەست بێنێت.
واتە ئەم دوو سەرکردە سوننەیەی عێراق لە سەدا 20 ی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەم وڵاتەیان بە دەستەوە دەبێت و تورکیا هەوڵ دەدات لەم ڕێگایەوە کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لە عێراق دابنێت.
پارتی داد و گەشەپێدان لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ئاستی هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی هەبووە بەڵام پەیوەندییەکانی لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاڵۆز بووە، ئەویش بە هۆی بوونی پەیوەندی یەکێتی و پەکەکە، بە پێچەوانەوەی پارتی بەردەوام دژایەتی ئەو حیزبەی نەیاری تورکیای کردووە.
تورکیا هەروەها لە گەڵ هەر دوو لایەنی تورکمانی سوننە و شێعەش پەیوەندییەکانی پەرە پێداوە و پاڵپشتی لەوانی کردووەتە بیانووی دەستێوەردانەکانی لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت کەرکوک.
ئەڵبەت تورکیا سەرەڕای ئەمەش بەردەوام هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لە گەڵ لایەنە شێعەکانی عێراقیش نزیک بکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە لە هەڵوێستە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی تورکیا لە گەڵ موقتەدا سەدر و سەید عەمار حەکیم تا ڕادەیەک گۆڕانکاری بینراوە، بەڵام لە نێو شێعەکان ئەم دوو سەرکردەیە پەیوەندییەکی نزیکتریان لە گەڵ تورکیا هەبووە بەڵام سەرکردەی لایەنەکانی نزیک لە خۆڕاگری نەک تەنیا لە تورکیا نزیک نەبوونەتەوە بەڵکوو تەنیا لایەنێک بوون کە لە دژی دەستێوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق هەڵوێستیان هەبووە.
سەردانەکەی محەممەد حەلبوسی و خەمیس خنجەر بۆ ئانکەرە لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق پیشاندەری ئەوەیە کە تورکیا بە شێوازێکی جیدی هەوڵ دەدات کاریگەری لە سەر هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق دابنێت و بۆ ئەمەش پاڵپشتی لە لایەنەکانی سوننە گرنگییەکی زیاتری هەیە.
لە کۆتاییدا دەبێت بوترێت کە عێراق بۆ تورکیا گرنگییەکی زۆری هەیە و لە چەند ساڵی ڕابردوو کۆمپانیاکانی تورک لە هەناردەی کاڵا و جێبەجێکردنی پرۆژەکان لەم وڵاتە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، بە شێوازێک کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان یان لە ڕاستیدا هەناردەی تورکیا بۆ عێراق بەردەوام بەرز بووەتەوە و بەدەر لەوەش کۆمپانیا و بەڵێندەر و خاوەنکارانی تورک داهاتێکی زۆریان لە بازاڕی عێراقدا دەست کەوتووە.
تورکیا لە هەناردەی کاڵا بۆ عێراق زلهێزێکی بە ناوی چین و هێزێکی ناوچەیی بە ناوی ئیماراتی لە پێشە، ئەڵبەت ئێرانیش ڕۆڵی گرنگی لە بازاڕی عێراقدا هەیە، لە هەر حاڵەتێکدا بازاڕی عێراق بۆ تورکیا بازاڕێکی 10 ملیار دۆلارییە و بەردەوام توانای گەشەسەندنی هەیە، ئێستاش ئەنکەرە لە ڕێگای جۆربەجۆرەوە دەیەوێت ئەو بازاڕە زیاتر بە لای خۆیدا ڕابکێشێت./.