بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەواد ئەوجی پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە، وتی: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لە سەر زیادکردنی ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل بۆ مانگی تشرینی دووەم درا.
ناوبراو بە ئاماژە بە قەیرانی کەمبوونی وزە لە جیهاندا وتی: لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی و تەنانەت ئەمریکا نیگەرانی لە سەر دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ خەڵک هەیە، بۆ نموونە، بەرزبوونەوەی نرخی گاز لە ئەورووپا ڕووداوێکی کەم وێنەیە.
ئەوجی وتی: خەڵکی ئەورووپا و ئەمریکا ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکدا تووشی کێشەی سووتەمەنین کە حکومەتەکانی ئەوان ساڵانێکە گەمارۆیەکی زاڵمانە و نایاساییان خستووەتە سەر کەرتی نەوتی ئێمە و ڕێگری لە فرۆشتن و هەناردەکردنی دەکەن.
وەزیری نەوتی ئێران وتی: بەڵگە و ئاماژەکان ڕوونیدەکاتەوە کە لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە زاڵمانەیە تەنیا ئێران ناگرێتەوە و دانیشتووانی وڵاتانی دیکەش باجی ئەم زوڵم و سیاسەتە هەڵەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەدەن.
وتیشی کە لە ئەگەری پێداگری ئەوان لە سەر گەمارۆی هەناردەی نەوتی ئێران، دەتوانێت ئاسەواری نەرێنی زیاتر ئەوان بگرێتەوە.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام نیازپاکی خۆیی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت ڕاگەیاندووە و لەم هەلومەرجەشدا ئامادەیە لە کورتترین ماوەدا قەیرانی وزەی ئێستای جیهان چارەسەر و قەرەبوو بکاتەوە.
جەواد ئەوجی وتی: ئامۆژگاری من بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی ئەوەیە کە لەم هەلومەرجە وانە وەربگرن و لە پێناو چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی ئێستا واز لە گەمارۆکانی ئێران بێنن تا خەڵک بە گشتی دەستیان بە وزەی هەرزان لە سەرجەم ناوچەکان بگات./.