بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ سامیح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر وتی: بەرپرسانی ڕووسیا هیوایان بەوە هەیە کە لایەنی تورکی لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سوریا ڕێز لە سەربەخۆیی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە بگرێت، بە پێی ئەو بەڵێنەی پێشووی بەرپرسانی ئەنکەرە.
لاوڕۆڤ بە ئاماژە بە لێدوانەکەی ئەم دواییەی ئیبراهیم کاڵین سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری سوریا و ئەوەی کە ئەنکەرە وەک مۆسکۆ مافی لە سوریادا هەیە، وتی: من پێشتر ئەوەم لە سەر زاری سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بیستووە کە سوریا وڵاتێکی سەربەخۆی عەرەبییە و تورکیا ڕێز لە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە دەگرێت. بەم بۆنەوە و بۆ چارەسەری کۆتایی قەیرانی سوریا، بەردەوام لەو بڕوایەدام کە لایەنی تورکی دەبێت ئەم بنەمایە پەیرەو بکات.
ناوبراو وتی: بە پێی بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە جەخت لە سەر ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی جیهان دەکاتەوە، تەنیا ئەو ولاتانە مافی ئامادەبوونیان لە سوریا هەیە کە لە لایەن حکومەتی یاسایی کۆماری عەرەبی سوریاوە بانگهێشت کراون. بە دڵنیاییەوە کە بوونی ئەمریکاش لە سوریا نایاساییە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: بەرپرسانی مۆسکۆ بەردەوام جەختیان لە سەر پەراوێزخستنی تیرۆریستان لە سوریا کردووەتەوە، ئەوەش بەڵێنی پێشووی بەرپرسانی ئەنکەرەیە، ئەو بڕیارەش دەبێت سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەکان بگرێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ناو و ئامانجی ئەو گرووپانە قبووڵکراو نییە، ئێمە دەڵێین ئەم ئامانجە دەبێت لە زووترین کاتدا مسۆگەر بکرێت و خاکی سوریا لە تیرۆریستان ڕزگار بێت./.