بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەیمەن سوسان جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا وتی: سوریا لە سەرکەوتنی کۆتایی و گەورە نزیک بووەتەوە و هۆکارەکەشی خۆڕاگری خەڵک و تێکۆشانی سوپا و پاڵپشتی خەڵک لە سەرکردەکانی سوریا بووە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المنار سەبارەت بە پەیوەندییەکانی سوریا و وڵاتانی دیکە، وتی: پەیوەندییەکانی سوریا و وڵاتانی عەرەبی بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، لە گەڵ ئێران و ڕووسیاش وەک دوو هاوبەشی سەرەکی شەڕی دژ بە تیرۆر پەیوەندییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
سوسان وتی: کەس بڕوای بەوە نییە کە ئەمریکا گرنگی بە ئێش و ئازارەکانی گەلی سوریا دەدات بەڵکوو ئەو کێشە و قەیرانانەی ئێستای سوریا و خەڵکەکەی بە هۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاوەیە و بە شکستی ئەم پیلانگێڕییەی ئەمریکا، بوونی هێزەکانی لە سوریا گرنگیی نامێنێت و پەنا بۆ هەمان سیناریۆی ئەفغانستان دەبات.
جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا بە ئاماژە بە پیلانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە پێناو ئامانجەکانی خۆی هەوڵی دابەشبوونی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت سوریا دەدا بەڵام شکستی هێنا و خۆڕاگری سوریاش ڕۆڵی گەورەی لەم شکستەدا بووە.
ئەیمەن سوسان بوونی هێزەکانی تورکیای لە سوریا بە داگیرکاری ناو برد و وتی: تا تورکیا پاشەکشە بە هێزەکانی نەکات و واز لەم داگیرکارییە نایاساییە نەهێنێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە بەدی ناکرێت./.