بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ ئارارات میرزویان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا لە تاران بە ئاماژە بە سێ کۆبوونەوەی نێوان هەر دوو وەزیری دەرەوە لە ماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوو لە دووشەممە، نیۆیۆرک و تاران و هەروەها کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی شانگهای، وتی کە لە وتووێژەکانی ئەمڕۆدا نەخشەڕێگای پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات قسەئ لە سەر کراوە و دەبێت ئامادە بکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەمڕۆ گەیشتینە ڕێکەوتن کە بەدەر لە بواری سیاسی، لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی، ڕۆشنبیری و گەشتیاری پەرە بە پەیوەندییەکان بدەین، بازرگانی و کەڵک وەرگرتن لە ڕێگای ترانزێتی ئەرمینیا بابەتێکی گرنگە، ئێمە لە وەگەڕخستنەوەی ئەو ڕێگایە بۆ بارهەڵگرەکانی هەر دوو وڵات پرۆژەیەکمان پێشنیار کردووە کە بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە بوونی زایۆنیستەکان لەم ناوچەیە، وتی: لە هەفتەکانی داهاتوو گەشەی پەیوەندییەکان لە زۆر بواردا دەبینین و بوونی زایۆنیستەکان لەم ناوچەیە جێی نیگەرانییە و قبووڵنەکراوە.
ناوبراو وتی کە بە دەنگی بەرز ڕایدەگەێنین کە موڵەتی ئەوە نادەین هەندێک لایەن کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە گەڵ ئەرمینیا دابنێن.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختی لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە بە دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی کردەوە و وتی: ناوچەکە بەرگەی قەیرانی نوێ ناگرێت، سەجەم وڵاتانی ناوچەکە دەگەینە ئەو بڕوا هاوبەشەی کە کێشەکان دەبێت بە هاوبەشی و بە دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی چارەسەر بکرێت./.