بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەک شەممە لە وتارێکی ئۆنلاین بۆ ڕێوڕەسمێکی سەربازی لە زانکۆی ئیمام حوسێن (ع)، وتیان: دەستێوەردانی بێگانەکان لە ناوچەکە بووەتە هۆکاری ناکۆکی و زیان و سەرجەم کێشە و ڕووداوەکان دەبێت بە بێ دەستێوەردانی بێگانە و بە کەڵک وەرگرتنی ناوچەکە لە هێز و عەقڵیەتی ئێران و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی چارەسەر بکرێت.
بەڕێزیان جەختیان کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاستیدا بوونەتە قەڵغانی بەرگری لە بەرامبەر هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاسایش و سەقامگیرییان بە بناغەی سەرەکیی سەرجەم چالاکییە پێویستەکان بۆ پێشکەوتنی وڵات ناو برد و جەختیان کردەوە کە گرنگی ئێران لەوەدایە کە ئاسایشی خۆی تەنیا بە پشت بەستن بە هێزەکانی دابین دەکات، تەنانەت وڵاتانی ئەورووپیش لەمەدا کێشەکان هەیە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕسی ئیسلامی ئێران وتیان: ئەوانەی کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆیان پشت بە هێزی بێگانە دەبەستن، زیان دەبینن، لە بەر ئەوەی کە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بێگانەکان لە ئاسایش و ئاشتی و شەڕی هەر وڵاتێکدا، کارەساتێکی گەورەیە.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەم ماوەیەی ئەفغانستان، وتیان: ئەمریکییەکان 20 ساڵی ڕابردوو بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان و لەم داگیرکارییە دوور و درێژەدا، کوشتن و تاوان و زیانێکی زۆر تۆمار کرا و پاش ئەو هەموو تێچووە مادی و مرۆڤییە، دیسانەوە دەسەڵاتیان ڕادەستی تاڵیبان کردەوە و ئەم ڕاستییەش وانەیەکە بۆ هەموو وڵاتان.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئەمریکییەکان لە هەر وڵاتێک دەستێوەردانیان کردووە، نەفرەتی خەڵکی ئەو وڵاتەیان لە سەر بووە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن ئاسایشی خۆیان دابین بکەن و نابێت موڵەتی ئەوە بدەن سوپای بێگانە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی، دەستێوەردان یان بوونی لەم ناوچەیە هەبێت./.