کۆنفرانسەکەی هەولێر هیچ پەیوەندییەکی بە عێراقەوە نییە بەڵکوو تەنیا هەوڵێکی نەزۆک بوو کە عێراق بخاتە نێو ڕیزی ئەو وڵاتە فریودراو و گوێڕایەڵانەی عەرەب کە بە زەبری هێز و زۆری واشنتن خۆیان کردە دارەدەستی زایۆنسیتەکان لە ناوچەکە، وڵاتانی وەک ئیمارات و بە تایبەت بەحرەین کە هیچ سەربەخۆییەکیان پێوە نابینرێت و بەردەوام چاویان لە ئەمریکایە کە لە ناوچەکە پاسەوانییان بکات.
بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانە، عێراق بە توندی پیلانی سازشتی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕەتکردووەتەوە و بەڵگەی ئەمەش هەڵوێستی سەرجەم بەرپرسان و پێکهاتەکانی عێراقە. مەرجەعیەتی باڵای شێعەکانی عێراق هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرایە و بۆ هەمیشە ئەوەی ڕەتکردووەتەوە کە عێراق ڕۆژێک بگات پەیوەندیی بە ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنیستییەوە هەبێت. سەید موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، بە ڕاشکاوانە کۆنفرانسەکەی هەولێری ڕەتکردەوە و تەنانەت هەڕەشەی لە حکومەتی بەغدا کرد کە ئەگەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە جێبەجێ نەکرێت خۆی دەست بەکار دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە دیوانی وەقفی سوننەی عێراق ئیدانەی ئەو کۆنفرانسە و بانگهێشتکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی کرد. تەنانەت بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقیش ئیدانەی کرد و ڕایگەیاند کە کۆنفرانسەکەی هەولێر هیچ پەیوەندییەکی بە عێراقەوە نییە و هەڵوێستی فەرمی عێراق پاڵپشتیکردنە لە دۆسیەی فەڵەستین وەک دۆسیەی یەکەمی جیهانی ئیسلام.
لە هەرێمی کوردستانیش حکومەتی هەولێر کە زیاتر لە دەستی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، ڕایگەیاند کە ئاگای لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەبووە و گوزارشت لە هەڵوێستی هەرێم ناکات. یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنە ئیسلامییەکانیش وێڕای ئیدانەکردنی کۆنفرانسەکەی هەولێر، پاڵپشتی خۆیان بۆ گەلی فەڵەستین ڕاگەیاند. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نووسینی شرۆڤەکارانی کوردیش ڕای گشتی ئەوە بوو کە نابێت کۆنفرانسی لەو شێوەیە کە زیانی بۆ کورد و هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڕێوە بچێت.
چین و توێژەکانی عێراق یەک دەنگ و یەک بڕوا پاڵپشتی لە فەڵەستین دەکەن. مێژووی فەڵەستین باشترین بەڵگەیە لە سەر ئەم پاڵپشتیکردنە.
پیلانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان ئەوەیە کە عێراق لە بەرەی ئێران و وڵاتانی خۆڕاگری جیا بکەنەوە و بەمەش بەربەستێکی گەورە لە بەردەم تەل ئەبیب نامێنێت. تەنانەت دەڵێن کە ئەگەر عێراق پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی بکاتەوە، وڵاتانی دیکەی عەرەبیش پەنا بۆ ئەو کارە دەبەن.
ئەمجارە پیلانی زایۆنیستەکان و وڵاتانی گوێڕایەڵی ئەو ڕژێمە لە ناوچەکە شکستی هێنا، ئەڵبەت بە ووشیاری سەرکردە و کەسایەتییەکانی عێراق. بە دڵنیاییەوە ئەمە دوایین پیلانی ئەوان نابێت و ڕەنگە لە داهاتوودا پەنا بۆ شێوازی دیکە ببەن تا عێراق لە درووشم و ئامانجە هەمیشەییەکانی جیا بکەنەوە.
دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانین کە تا عێراق وەک شاخێکی بەهێز لە بەرامبەر زایۆنیستەکان بێت و سوریا بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە و ئێران و حیزبوڵڵاش پەرە بە هێزی خۆیان بدەن، ئەستەمە خەونی زایۆنیستەکان بێتە دی و ڕەتی لاوازبوون و لەناوچوونی ڕژێمی داگیرکاری قودس بەردەوام دەبێت./.