بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد حەسەن قەوسیان موقەدەم وتی کە تا ئێستا 80 ملیۆن ژەم ڤاکسێنی کۆرۆنا هاوردەی ئێران کراوە کە پشکی کۆمەڵەی مانگی سور لە هێنانی ئەو ڤاکسێنانە 52 ملیۆن ژەم بووە و ڕادەستی وەزارەتی تەندرووستی کراوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو 12 ملیۆن ژەم ڤاکسێنی تایبەت بە خوێندکاران و کەسانی تەمەن ژێر 20 ساڵ هاوردەی ئێران کرا.
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی مانگی سوری ئێران وتی: سەرجەم ڤاکسێنە هاوردەکراوەکان ڕادەستی وەزارەتی تەندرووستی دەکرێن و پرۆسەی کوتانی خەڵک بەو ڤاکسێنانە تەنیا لە ڕێگای وەزارەتی تەندرووستییەوە دەبێت.
وتیشی کە لە ماوەی یەک مانگی داهاتوو 60 ملیۆن ژەم ڤاکسێنی کۆرۆنا هاوردەی ئێران دەکرێت، ڤاکسێنەکان لە جۆری سینۆفارمە و بە هەمان شێوە دەدرێتە وەزارەتی تەندرووستی.
قەوسیان موقەدەم وتی: بە گەیشتنی ئەو 60 ملیۆن ژەم ڤاکسێنە لە ماوەی یەک مانگی داهاتوو، کۆی گشتی ڤاکسێنە هاوردەکراوەکان دەگاتە 140 ملیۆن ژەم./.