بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاشم ئەلکەندی ڕایگەیاند کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا لە گەڵ میسر و ئەردەن لە چوارچێوەی پرۆژەی شامی نوێ و هەروەها هاوکارییەکانی لە گەڵ ئیمارات و سعوودیە بە سەرەتایەک بۆ گەڵاڵەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ڕژێمی زایۆنیستی دادەنرێت.
ناوبراو وتی: سەرجەم ئەم ئامادەکارییانە بۆ هاندانی عێراق بەرەو پیلانی سازشتە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانن کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ناوچەکە بە بێ بوونی عێراق ئەنجامێکی نابێت.
بە وتەی ئەم شرۆڤەکارە عێراقییە، لە ئاستی سیاسی، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و جەماوەری، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بەدەر لە ژمارەیەکی زۆر کەم لە سیاسییەکان، بە توندی ئیدانە دەکرێت، دەستووری عێراق و ئیرادەی خەڵکەکەی بە هیچ شێوازێک ڕێگە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەو ڕژێمە نادەن.
وتیشی کە عێراقییەکان دەزانن هەر هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ وازهێنانە لە بەرەی خۆڕاگری.
ئەلکەندی وتی: ئەوەی کە لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی ناوچەی کەنداوی فارس بینرا، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نەبوو بەڵکوو تێوەگلان لەو پرۆسەیەدا بوو، ئەو وڵاتانە ئاسایش، دەسەڵات و تەنانەت بڕیاردانی خۆیان دۆڕاند و سەربەخۆیی خۆیان پێشکەش بە ڕژێمی زایۆنیستی کرد.
ناوبراو وتی: دۆخی ناوچەکە لە بەرژەوەندی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و بەرەی سازشت نییە و تەنانەت ئەمریکییەکان بەرە بەرە سعوودییەکان و ئیماراتییەکان بە جێ دێڵن، لە بەر ئەوەی لە سەرەڕای پەیوەندییان لە گەڵ ئیسرائیل، دەربازبوونیان لە یەمەن بۆ نەکرا، یەمەنییەکان ئێستا بە ئاسانی دەتوانن دامەزراوە ئابوری و سەربازییەکانی سعوودیە بکەنە ئامانج.
بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی النباء ی عێراق وتی: عێراقییەکان لە ئێستادا ئاگاداری دۆخی ئەو وڵاتانەن کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردووەتەوە، هەر بۆیە ئەمریکا ناتوانێت عێراق بەرەو ئەو پرۆسەیە ببات، ئەو پرۆسەیەش بە ئەنجام ناگات لە بەر ئەوەی کە لە بنەڕەتدا مردووە و گەلی عێراق قەدرزانی بەرەی خۆڕاگرین.
هاشم ئەلکەندی وتی: هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ڕژێمی زایۆنیستی پەیوەندیی بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتەوە هەیە و ڕەنگە چەندین سیناریۆی وەک دابەشکردنی عێراق و ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی ئەم وڵاتە لە لایەن واشنتنەوە جێبەجێ بکرێت./.