بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: پرۆسەی ڤاکسێن لێدان لە 171 ناوەند لە سەرتاسەری کوردستان بە باشی بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو ڕایگەیاند: زیاتر لە یەک ملیۆن ژەم ڤاکسێنی کۆرۆنا لە لایەن خەڵکەوە بەکار هاتووە و یەک ملیۆن و 500 هەزار ژەمی دیکەش دابینکراوە.
بارزانی داوایکردووە کە هەمووان پێکەوە کوردستان بپارێزن.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا یەک ملیۆن و 37 هەزار و 854 ژەم ڤاکسێنی کۆرۆنا بۆ خەڵک بەکار هاتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە 627 هەزار و 503 ژەمی یەکەم و 410 هەزار و 351 ژەمیش بۆ دووەم جار بەکار هاتوون.
ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستی باس لەوە دەکات کە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 333 هەزار کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 5 هەزار و 890 کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە./.