بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماڵی عامرییەکان یەک لەو هۆکارانەیە کە گەشتیاران بەرەو کاشان ڕادەکێشێت و نازناوی گەورەترین ماڵی مێژوویی ئێرانی پێبەخشراوە و ئەمڕۆش بووەتە هوتێلێکی جوان و سرنجڕاکێش.
ماڵی عامرییەکان لە کوێیە؟
ماڵی عامرییەکان لە کاشان کەوتووەتە گەڕەکی سوڵتان میرئەحمەد لە شەقامی عەلەوی، شەقامی باستانی حەوتەم، تەنیشت گەرماوی سوڵتان میرئەحمەد.
مێژووی ماڵی عامرییەکان
مێژووی ماڵی عامرییەکانی کاشان بۆ سەردەمی زەندییەکان دەگەڕێتەوە کە لەو سەردەمەدا کەسێک بە ناوی ئیبراهیم خانی کەڵانتر خاوەنەکەی بووە، بەڵام لە سەردەمی قاجاڕەکان، کاتێک کە کاشان لە لایەن ئاغا محەممەدخانەوە داگیر کرا، دەسەڵاتداری کاشان بۆ دەستخۆشی لە سەهام سەڵتەنە کە لە گەمارۆدانی شارەکەدا یارمەتیدەری بوو، ماڵی عامرییەکانی پێ خەڵات کرد. پاش مردنی ئەو ئەم ماڵە درایە کوڕەکەی بە ناوی ئیبراهیم خەلیل خان عامری. ساڵی 2014 نۆژەنکراوەتەوە و کراوەتە هوتێلێکی زۆر جوان تا گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی بتوانن وێڕای سەرکردانیکردنی بەکاری بێنن.
ماڵی عامرییەکان لە دوو بەشی ناوخۆیی و دەرەکی پێکهاتووە کە بە تەواوی لە سەر شێوازی ئێرانیی کۆن بونیات نراوە. هونەری ئێرانی لە بەش بەشی ئەم بینایەدا دەبینرێت. ماڵی عامرییەکان لە 85 ژوور و 3 خانوو و 5 حەوشە پێکهاتووە.
ماڵی عامرییەکان لە چەندین بەشی وەک هوتێل، ڕێستورانت، کافی شاپ، هۆڵی کۆنفرانس و کۆبوونەوە، گەرماوی ژنان و پیاوان، شانشین، هەیوانی هاوینە، قاوەخانە، مزگەوت و کتێبخانە پێکهاتووە./.