بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەممە 2 ی تشرینی یەکەم، سێهەم ساڵۆگەڕی تیرۆری جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سعوودیە لە کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستەنبووڵی تورکیایە. لە کاتێکدا کە هێشتا بەرپرسانی سەرەکی ئەم تاوانە هیچ سزایەک نەدراون و سزای لە سێدارەدانی هەندێک لەوان هەڵوەشاوەتەوە و کراوەتە زیندانیکردن و هەندێک بە تەواوی بەخشراون و ئازاد کراون، ئەوانەش کە فەرمانی کوشتنەکەیان دەرکردووە، هیچ لێپێچینەوەیەکیان لێنەکراوە.
خاشقچی 2 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 لە کۆنسووڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبووڵی تورکیا بە شێوازێکی دڕندانە کوژرا و تەرمەکەی بە پارچە پارچەکراوی لە بینای کۆنسووڵخانەکە برایە دەرەوە.
بەرپرسانی سعوودیە سەرەتا هەر زانیارییەکیان سەبارەت بە چارەنووسی خاشقچی ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە ناوبراو بینای کۆنسووڵخانەی بە جێهێشتووە. بەڵام دواتر ئاشکرا کرا کە ئەوە کەسێک بووە کە جل و بەرگەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان لە بەر کردووە تا لە بەردەم کامێراکاندا دەرکەوێت، ئەم پیلانەی دەسەڵاتدارانی سعوودیە سەری نەگرت و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون کرایەوە.
بەرپرسانی سعوودیە پاشان بە هۆی پێدانی زانیاری زۆر کەم لە میدیاکانەوە سەبارەت بە کوشتنی خاشقچی بە ناچار دانیان بەوەدا نا کە ناوبراو لە کۆنسووڵخانەکەدا کوژراوە، ئەڵبەت ئەوان پڕوپاگەندەی ئەوەیان کرد کە لە میانەی شەڕ و پێکدادانێکدا کوژراوە، دواتر ئەوەشیان گۆڕا کە خاشقچی لە لایەن تیمێکی تیرۆرەوە کوژراوە بە بێ ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای سعوودیە ئاگایان لەو تیرۆرە بێت.
بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی سعوودییەکانەوە، تەنانەت ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە تیرۆری خاشقچی بە ئاگاداری دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە تایبەت محەممەد بن سەلمان بووە.
جەمال خاشقچی، لەدایکبووی 13 ی تشرینی یەکەمی 1958 بوو. ناوبراو پێشتر سەرنووسەری ڕۆژنامەی الوطن بوو و پاشان کرایە بەڕێوەبەری کەناڵی العرب. خاشقچی ئەیلولی 2017 سعوودیەی بە جێهێشت و پاشان وەک نووسەری هەندێک بابەتی تایبەت لە سەر محەممەد بن سەلمان و سیاسەتەکانی سعوودیە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەستی بە چالاکی کرد. ناوبراو یەکێک لە دژبەرانی دەستێوەردانی سەربازیی سعوودیە و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن بوو.
پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک بە سەر ئەو تاوانەدا، لە 25 ی ئەیلولی 2019، محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە وتووێژی لە گەڵ ڕادیۆی سەرتاسەری ئەمریکا PBS، دانی بەوەدا نا کە تیرۆرەکە لە سەردەمی دەسەڵاتداری ئەو بەڵام بە زانیاری و ئاگاداریی ڕووی داوە.
نیۆیۆرک تایمز لە کۆتایی تەمموزی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە ئەندامانی تیمی تیرۆری خاشقچی لە ئەمریکا مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان پێکرابوو. بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە، کۆمپانیای ئەمنی Tier 1 Group لە ئارکانزاس ڕاهێنانی بە ژمارەیەک لەو کەسانە کردبوو، هەرچەندە ڕاهێنانەکە بۆ بەرگری باشتر لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سعوودیە بووە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، تیمەکەی سعوودیە پاش ڕاهێنانی لە ئەمریکا بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی حکەمەتی ڕیاز وەک ڕفاندن، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی دانیشتووانی سعوودیە چالاکی کردووە.
پێگەی عەرەبی 21 لە ڕاپۆرتێکدا تایبەت بە ساڵۆگەڕی ئەو تیرۆرە دڕندانەیە ڕایگەیاند: ” ئەم تاوانە بۆ ڕای گشتی جیهان دڵتەزێن بوو و هێشتا کاردانەوەکانی بەردەوامە. سەرەڕای داخستنی دۆسیەکە لە لایەن حکومەتی سعوودیەوە لە ساڵی 2020، هێشتا ڕەخنە و کاردانەوەکانی خەڵک بەردەوامە”.
ڕۆژی هەینی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە بەردەم باڵیۆزخانەی سعوودیە لە واشنتن گردبوونەوە و لە سێهەم ساڵۆگەڕی تیرۆری خاشقچی داوای جێبەجێکردنی دادپەروەری و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیان کرد.
لە لایەکی دیکەوە، ناوەندی نێودەوڵەتی چاپەمەنییەکانیش ڕۆژی هەینی ڕابردوو جەختی لە سەر جێبەجێکردنی دادپەروەری لەو دۆسیەی تیرۆری خاشقچیدا کردەوە.
بەڕێوەبوەی ئەو ناوەندە ڕایگەیاند کە سێ ساڵ بە سەر تیرۆری دڕندانەی خاشقچی بە فەرمانی حکومەتی سعوودیە تێپەڕ دەبێت، حکومەتی ڕیاز بە هۆی ئەوەی کە هاوپەیمانی ئەمریکایە، هیچ سزایەک نەدراوە.
دەزگیرانەکەی خاشقچی پێشتر داوای سزادانی محەممەد بن سەلمانی کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە “تا جێنشینی سعوودیە سزا نەدرێت ئەم دۆسیەیە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و پیشاندەری ئەوەیە کە تاوانباری سەرەکی بە بێ ئەوەی سزا بدرێت، لە تاوانی کوشتن بەردەوام دەبێت و ئەمەش هەڕەشە لە سەر مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤە. لە سەرجەم سەرکردەکانی جیهان پرسیار دەکەین کە ئایا ئامادەن لە گەڵ کەسێک کە تاوانەکەی ڕوون بووەتەوە، کۆببنەوە؟ ئەم کارە لە حکومەتەکەی بایدنەوە دەست پێدەکەین”./.