بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە سێ مانگ و نیوی ڕابردوو ئەمریکا زیاتر لە 100 هەزار قوربانی کۆرۆنای تۆمار کردووە، زیاترینی قوربانییەکانیش ئەو کەسانەن کە لە بەرامبەر ئەم ڤایرۆسە ڤاکسێنیان بەکار نەهێناوە.
بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی ئاماری قوربانیانی کۆرۆنا لە کاتێکدایە کە حکومەت لە شەش مانگی ڕابردوو سەرقاڵی کوتانی خەڵک بە ڤاکسێن بووە بەڵام نزیکەی 70 ملیۆن ئەمریکی هێشتا ئەو ڤاکسێنەیان بەکار نەهێناوە و ئەمەش وایکردووە کە جۆرەکانی دیکەی کۆرۆنا وەک دێڵتا لە پەرەسەندندا بێت.
لە ئێستادا زیاتر لە 75 هەزار کەس بە هۆی توشبوون بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئەمریکا خەوێندراون و ئەم وڵاتە بە شێوازی مامناوەند لە هەر ڕۆژێکدا 112 هەزار حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار دەکات. هەروەها لە ئەمریکا ڕۆژانە 1900 حاڵەتی نوێی مردن بە کۆرۆنا تۆمار کراوە.
بە وتەی دکتۆر ئەنتۆنی فائۆچی، پسپۆڕی باڵا لە نەخۆشییە ڕاگوێزەکان، ئەمریکا لوتکەی کۆرۆنای تێپەڕاندووە بەڵام هێشتا کەسانێک بوونیان هەیە کە نایانەوێت ڤاکسێن بەکار بێنن و ئەمەش هەڕەشەیە لە سەر دانیشتووانی دیکەی ئەمریکا.
شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن کە تا یەکی کانوونی دووەمی 2022 زیاتر لە 90 هەزار کەسی دیکە لە ئەمریکا بە هۆی کۆرۆناوە گیان لە دەست دەدەن و بەمەش ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لەم وڵاتە دەگاتە نزیکەی 800 هەزار کەس.
لە ئەمریکا تا ئێستا زیاتر لە 44 ملیۆن و 443 هەزار کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و ئەم وڵاتە لە ڕووی ژمارەی توشبووانەوە لە پلەی یەکەمی جیهاندایە./.