بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەیوان کاشفی وتی کە بە پێی ئامارەکان لە نیوەی یەکەمی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازە سنورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە هەناردە کراوە کە لە ڕووی بایەخەوە لە سەدا 11 و لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 14 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
ناوبراو وتی کە پشکی کرماشان لە هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە سەدا 40 بووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی کرماشان ڕایگەیاند کە نزیکەی لە سەدا 60 تا 70 ی ئەو هەناردەیەش لە کاڵا و بەرهەمەکانی ناوخۆیی ئەم پارێزگایە بووە.
کاشفی ڕایگەیاند کە بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان، شیرەمەنییەکان، پۆڵا و ئاسن، کاشی و سیرامیک، دۆشاوی تەماتە و مادە خۆراکییەکان لە ڕیزی گرنگترین کاڵا هەناردەکراوەکان لە دەروازە سنورییەکانی پارێزگای کرماشان لە شەش مانگەی یەکەمی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی بووە.
وتیشی کە لەم ماوەیەدا لە زۆربەی سنورەکانی کرماشانەوە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردە تۆمار کراوە و ئەمەش پیشاندەری چالاکبوونی دەروازە سنورییەکانە و ئەگەر ژێرخانی پێویست دابین بکرێت دەتوانرێت ڕێژەی هەناردە لە کرماشانەوە زیاتر بکرێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان وتی: تەنیا لە دەروازەی سنوری پەروێزخان تا ڕادەیەک بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی هەناردە دابەزیوە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە ساڵی ڕابردوو و بە هۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە لایەن عێراقەوە لە هەندێک دەروازەی سنورییەوە جێبەجێ کرا، بە گشتی هەناردە زیاتر لە پەروێزخانەوە بووە و ئێستا بە سەر سنورەکانی دیکەدا دابەش کراوە.
کەیوان کاشفی لە درێژەدا وتی: لە کۆی گشتی ئەو یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلارەی هەناردەی ئەمساڵ، نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری لە ڕێگای دوو دەروازەی سنوریی پەیوەندیدار بە بەشی عەرەب نشینی عێراق – خۆسرەوی و سۆمار – بووە کە ڕێژەیەکی بەرچاوە و ئەوی دیکە لە ڕێگای دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان – پەروێزخان، شۆشمێ و شێخ سڵە – بووە.
بە وتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان، هەناردە لە دەروازەی سنوری سۆمار لە سەدا 300 و لە دەروازەی خۆسرەویش نزیکەی لە سەدا 150 بەرزبوونەوەی هەبووە.
کاشفی لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە لە شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی، لە دەروازە سنورییەکانی کرماشانەوە 34 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردە کراوە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەبووە و زیاتریش مادە سەرەتاییەکانی پێویست بۆ پیشەسازییەکان بووە./.