بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حکومەتی عێراق بەنیازە بۆ گەڕانەوەی ئاسەوارە مێژووییەکانی کە لە 18 ساڵی ڕابردوو و پاش هێرشەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2003 تاڵان کراوە، پەنا بباتە دادگا نێودەوڵەتییەکان.
کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە پاش 2003 لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە ژمارەی درووستی ئاسەوارە مێژووییە بەقاچاخ براوەکانی ئەم وڵاتە دیاری بکەن، لە بەر ئەوەی کە زۆربەی ئەو پارچە مێژووییانە لە ناوچە دووردەستەکان بە تاڵان براون.
لەیس مەجید حوسێن بەرپرسی بەشی میراتی کەلتوری و ئاسەوارە مێژووییەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە بۆ گەڕانەوە ئاسەوارە دزراوەکانی پەنا دەباتە دادگا نێودەوڵەتییەکان.
ناوبراو بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند کە هاوکارییەکی زۆر لە نێوان ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان بۆ گەڕانەوەی ئاسەوارە دزراو و بەتاڵان براوەکانی عێراق هەیە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە وتی کە ژمارەیەک لە وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ گەڕانەوەی ئاسەوارە مێژووییەکانی عێراق دەربڕیوە و لە دادگای چەندین وڵاتیش دۆسیەی تایبەت بە دواکەوتنی گەڕانەوەی هەندێک لەو ئاسەوارانە کراوەتەوە.
لەیس مەجید حوسێن وتی کە وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق کەڵک لە شێوازە یاساییەکان وەردەگرێت و ڕوو لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دەکات.
بەرپرسی بەشی میراتی کەلتوری و ئاسەوارە مێژووییەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق وتی کە هەندێک ڕێکخراوی نێودەوڵەتیش وەک پۆلیسی ئینترپۆل لەو بوارەدا هاوکاری عێراق دەکەن و هانی وڵاتان دەدەن بۆ گەڕانەوەی میراتی شارستانیەتی عێراق بە شێوازی یاسایی خۆی.
عێراق لەم ماوەیەدا بە هەزاران پارچە ئاسەواری مێژوویی خۆیی لە ئەمریکا گەڕاندەوە.
ئەندامێکی لێژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە 180 دۆسیە لە سەر بەتاڵانبردنی میراتی کەلتوری و مێژوویی ئەم وڵاتە هەیە کە بە هۆی پاڵپشتی هەندێک لایەنی سیاسییەوە تا ئێستا بێ ئەنجام بووە./.