بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەجید چگنی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ شاندێکی باڵا لە وەزارەتی کارەبای عێراق، وتی: پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ عێراق پەیوەندییەکی ستراتیژییە و بەدەر لە پەیوەندییە ئابورییەکان، پەیوەندییەکی کەلتوری و ئائینی پتەومان هەیە کە بۆ هەر دوو لا زۆر گرنگە، هەر بۆیە پەرەپێدانی هاوکارییەکان بە تایبەت لە بواری وزەدا دەتوانێت پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بە گشتی بەهێزتر بکات.
ناوبراو دیپلۆماسیەتی بەهێزی وزەی بە یەکێک لە بەرنامەکانی وەزیری نەوتی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و وتی: وەک چۆن کە لە کۆبوونەوەی شاندەکەی عێراق و وەزیری نەوتی ئێران باس کرا، وێڕای داوای لایەنی عێراق بۆ پابەندبوون بە گرێبەستەکانی ئێستا و ڕێکەوتنەکانی پێشوو، ئامادەین پێشنیاری نوێی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی هەناردەی گاز بۆ ئەم وڵاتە تاوتوێ بکەین.
پێشتریش جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ وەزیری کارەبای عێراق، هەناردەی گازی بە یەکێک لە بەرنامەکانی وەزارەتەکەی ناو بردبوو./.