بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە دەستپێکردنی قەیرانی سوریا، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان، بەهێزکردنی هەژموون و پێگە و کاریگەری لە داهاتوو، بە کردەوە هاتنە گۆڕەپانی گۆڕانکارییەکانی سوریاوە.
لە ماوەی یەک دەیە قەیرانی سوریا، ڕیزبەندی، یەکێتی و بەرە و جەمسەربەندییەکان بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە. گۆڕانکاری لە شێوازی شەڕ و ململانێکان، گرنگیدان بە بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابورییەکان یان گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان، بەستێکی گۆڕانکاریی لە هەڵوێست و بیرکردنەوەی سەرکردەی وڵاتانی تێوەگلاو لە قەیرانی سوریا دابین کردووە.
لەم نێوەندەدا تورکیا و ڕووسیا پەیوەندییەکی پڕ لە گۆڕانکارییان لە هاوکارییەوە تا کێبڕکێ هەبووە. لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ جارێکی دیکە دانیشتنەکانی سووچی بەڕێوەچوو و ئەردۆغان و پوتین تێڕوانینی خۆیان لە سەر گۆڕانکارییەکانی سوریا خستەڕوو. بەم بۆنەوە و لەم ڕاپۆرتەدا باس لە بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە و لێک نزیکبوونەوە و دژایەتی بەرژەوەندییەکانیان لە سوریا دەکرێت.
ئامانجەکانی تورکیا لە سوریا
تورکیا لە هەمان سەرەتاوە دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و حیزبەکەی لە سوریا بوو. لە ساڵانی سەرەتایی شۆڕشی گەلانی عەرەب – ناسراو بە بەهاری عەرەبی – ئەزموونی بە دەسەڵات گەیشتنی محەممەد مورسی وەک ئیخوانییەک لە میسر، تورکیای گەیاندە ئەو بڕوایەی کە بە پاڵپشتیکردن لە ئیخوانییەکان دەتوانێت کاریگەری لە سەر دەسەڵاتی وڵاتانی ناوچەکە یەک لە دوای یەک دابنێت.
بەم هۆیەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سوریا، تورکیا بە پلانێکی تایبەتەوە، پاڵپشتی لە نەیارانی حکومەتی دیمەشق و تەنانەت گرووپە تیرۆریستییەانی وەک بەرەی نوسرەی لە پێناو ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد گرتەبەر. بە بەردەوامی ئەم قەیرانە، تورکیا پەنای هێنایە هاوپەیمانی لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا بەرپرسیاریەتی ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەسەد بخاتە ئەستۆی ئەو وڵاتە. بەڵام ئەمریکا هیچ کات بە شێوازی ڕاستەوخۆ و بە هێرشی سەربازی نەچووە قەیرانی سوریاوە.
لە ئاکامدا تورکیا بە ناچاری ڕووی هێنایە نزیکبوونەوە لە بەرەی ڕووسیا و ئێران تا ئامانجەکانی بە شێوازی دیپلۆماسی، نەک سەربازی، لە سوریا شوێنگری بکات.
بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سوریا تەنیا بە پاڵپشتیکردن لە ئیخوان موسلمین سنوردار نەبوو. کوردانی سوریا لە باکوری ئەم وڵاتە کاریگەری پەکەکەیان لە سەرە و بەهێزبوونی ئەوان و ئەگەری پێکهێنانی هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر، وەک ئەوەی کە لە عێراق دەبینرێت، بە لای ئەنکەرەوە هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا و بەردەوام ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە دۆخێکی لەو شێوەیە قبووڵ ناکات.
هەروەها ئامادەبوونی تورکیا لە باکوری سوریا دەچێتە چوارچێوەی پاوانخوازییەکانی ئەردۆغان و خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان. تورکیا لەم ساڵانەدا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و ڕێگری لە هاتنی پەنابەران، پەرەی بە بوونی سەربازیی خۆی لە عفرین و ڕۆژهەڵاتی فۆرات داوە.
لە ئەنجامی ئەمەش، بەرژەوەندییەکانی تورکیا پەیوەندی بە ڕێژەی بەهێزبوونی حکومەتی دیمەشقەوە هەیە، هەر کات حکومەتەکەی ئەسەد لاواز بووبێت و سوریا ناسەقامگیری زیاتری پێوە ببینرێت، تورکیا بە هێزێکی زیاترەوە پەرە بە پێشڕەوییەکانی لە سوریا دەدات. هەر بۆیە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری سوریا بۆ تورکیا بابەتێکی خوازراوە.
ئامانجەکانی ڕووسیا لە سوریا
ڕووسیا بە هاوبەشێکی بەهێزی سوریا لە ناوچەکە دادەنرێت. کردنەوەی بنکەی ئاسمانی لازقیە لە لایەن یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو لە سوریا و پەرەپێدانی هەموو هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو لا بە تایبەت لە بواری سیاسی و سەربازی لە قۆناغی شەڕی سارد، پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و دیمەشقی گەیاندە لوتکە. بەڵام لە پاش جێبەجێکردنی چاکسازییە سیاسییەکان و بەدەسەڵات گەیشتنی گۆرباچۆف پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە بەرەو لاوازبوون برا. ساڵانی سەرەتایی پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت، ڕووسیا هەوڵی بونیاتنانی پەیوەندییەکانی خۆیی لە گەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەدا، هەر بۆیە بابەتی ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سوریا بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو. بە دەسەڵات گەیشتنی پوتین و داڕشتنی ستراتیژێکی نوێ لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا وایکرد کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ سوریا ببرێتە قۆناغێکی نوێ و بە شێوازێک کە بەهێزبوونی تەواو بەم پەیوەندییانەوە دەبینرا.
لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە، مۆسکۆ بە هەموو شێوازێک پاڵپشتی ئەم وڵاتەی کرد. دیمەشق هاوپەیمانێکی سەرەکی ڕووسیایە و کەوتنی سوریا بە واتای لەدەستدانی یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە بوو. ئەم بابەتە لە ڕیزی ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕووسیایە لە ناوچەکە.
مۆسکۆ بەردەوام پاڵپشتیی لە دەسەڵاتی سوریا کردووە، هەروەها چەندین جار بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ڤیتۆ کردووە کە بە تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا دەیتوانی ڕێگای هێرش و دەستێوەردانی سەربازی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سوریا بکاتەوە.
ڕووسیا کە هەوڵی پاراستنی پێگە و هەژموونی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، پێویستی بەوە هەیە سوریا وەک کاراکتەرێک کە پلانەکانی لە ناوچەکە جێبەجێ دەکات، بپارێزێت. ڕووخانی دەسەڵاتی سوریا بە واتای ئەوە دێت کە ناتۆ لە حەوشەی ڕووسیا نزیک ببێتەوە و ببێتە هەڕەشەیەک لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە لە ناوچەکە و هەروەها لاوازبوونی پێگەی نێودەوڵەتی ڕوسیا و شکستی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ئەم وڵاتەی لێدەکەوێتەوە.
لە هۆکارەکانی دیکەی ئامادەبوونی سەربازیی ڕووسیا لە سوریا دەتوانین ئاماژە بە نیگەرانییەکانی ئەم وڵاتە لە بەهێزبوونی گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکان بدەین. دراوسێبوون لە گەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی ئەوەی کە بە لای هەندێکەوە ئەم ناوچەیە یەک لەو شوێنانە بێت کە دەکرێت ڕووسیای پێ لاواز بکرێت. ڕووسیا نیگەرانی بە دەسەڵات گەیشتنی حکومەتێکی توندڕۆیە لە سوریا و ئەوەی کە سەقامگیری ناوچە موسڵمان نشینەکانی بکەوێتەوە مەترسییەوە.
لە هۆکارەکانی دیکە دەتوانین ئاماژە بە بوونی بنکەی سەربازی دەریایی تەڕتوس بدەین کە بە یەکێک لە توانا سەربازییەکانی گرنگی ڕووسیا دادەنرێت. ئەم بنکەیە لە ڕووی پێگەی ستراتیژییەوە بۆ دەسەڵاتدارانی ڕووسیا زۆر گرنگە.
دۆخی خوازراوی سوریا بە تێڕوانینی ڕووسیا و بە پێچەوانەی ئەوەی کە سەبارەت بە تورکیا باس کرا، بوونی ئاشتی و سەقامگیرییە لە سوریا.
بەرکەوتنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا لە سوریا
بە پێی ئەوەی کە باس کرا، سەرەڕای ئەوەی کە ئەردۆغان و پوتین لە دانیشتنەکەی سووچی باسیان لە هاوکاری نێوانیان کرد بەڵام بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە سوریا لە ڕووی ستراتیژییەوە دژ بە یەکە و هەر هاوپەیمانییەکی وەک سووچی، دەتوانێت چەشنێک هاوپەیمانی کاتی و تەکتیکی بێت./.