بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆند سەبارەت بە ئەفغانستان وتی: هێشتا زووە سەبارەت بە شەرعییەتی حکومڕانی تاڵیبان لە ئەفغانستان لێدوان بدەین، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بزانین ئایا تاڵیبان بەوەی کە ڕایگەیاندووە پابەندە یان نە.
ناوبراو وتی: دەبێت بزانین کە تاڵیبان حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان پێک دێنێت یان نە و ئایا مافی پێکهاتەکانی دیکە لە بەرچاو دەگرێت یان نە.
خەتیب زادە وتی کە ئێمە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت هێڵە سورەکان سەبارەت بە ئەفغانستان بە ڕاشکاوانە باس بکەین.
ناوبراو وتی: گرنگترین هێڵی سور ئەوەیە کە ئەفغانستان لە توندووتیژی بە دوور بێت و نەبێتە بەهەشتی چالاکییەکانی داعش.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: نابێت ئەفغانستان ببێتە هەڕەشە لە سەر وڵاتانی دراوسێ و جیهان، ئیرادە و داواکاری خەڵک دەبێت لە داهاتووی ئەفغانستاندا ڕەنگدانەوەی هەبێت و حکومەتێکی بنکەفراوان پێک بهێندرێت کە پیشاندەری پێکهاتەی جۆربەجۆری ئەم وڵاتە بێت.
سەعید خەتیب زادە هەروەها وتی کە نابێت ئەفغانستان بکرێتەوە بنکەی هیچ وڵاتێکی بیانی./.