بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید هادی سەید ئۆفۆقهی، شارەزای کاروباری سیاسی ناوچەکە، سەبارەت بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاند: پەیوەندییەکانی کوردستانی عێراق و حکومەتی ناوەندی ئەم وڵاتە لە سەردەمی پێشوو و بە تایبەت لە سەردەمی حکومڕانی بەعسییەکان بەردەوام وەک زامێکی ساڕێژنەکراو لە لایەن ڕەوتی ستەمکاری جیهانییەوە لە پێناو ناسەقامگیرکردنی عێراق و ناوچەکە بەکار هێنراوە. لەو سەردەمەدا چەندین شەڕی خوێناوی لە نێوان هەر دوو لا ڕوویدا. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، تاران بە تایبەت لە هەشت ساڵەی شەڕی سەپێندراوی عێراق لە دژی ئێران، بەردەوام لە گەڵ کوردانی عێراق بووە و لە گەڵ سەرکردەکانی کوردستان هاوکاریی کردووە.
ناوبراو وتی: بەداخەوە کە لە قۆناغەکانی دواتر، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، بە تایبەت هەولێر، بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی ڕاکێشرا و ئەمەش بۆ ئێران بووە جێی نیگەرانی. لە ڕیفراندۆمی جیابوونەوە لە عێراق لە ساڵی 2017، تەنیا لایەنێک کە پاڵپشتیی لەو پرۆسەیە کرد ڕژێمی زایۆنیستی بوو.
ئەم شرۆڤەکارە باڵایەی کاروباری ناوچەکە وتی کە بە پێی بەڵگەکان، بەدەر لە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەریر و فڕۆکەخانەی هەولێر، دەزگای هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستیش لەم ناوچەیە نووسینگەی هەیە و هەرێمی کوردستان بووەتە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ چالاکییە تیرۆریستی و سیخوڕییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و پێدەچێت کە بووەتە ناوەندێکی پیلانگێڕی.
سەید ئۆفۆقهی چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکانی لەم ناوچەیە وەبیرهێنایەوە و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، پرسی ئەو گرووپانەی باس کردووە و بەڵگەی پێویستی لە سەر چالاکییەکانی ئەوان لە دژی ئێران لە خاکی هەرێمدا خستووەتەڕوو بەڵام بەداخەوە کە ئەو پرسە بە جیدی وەرنەگیراوە، ئێستاش بە پێی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەو گرووپانە لە سەر سنورەکان و ئاسایشی نیشتمانی ئێران، کەمتەرخەمی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان قبووڵکراو نییە.
ناوبراو بە ئاماژە بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی فەریق محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە کردنە ئامانجی بنکە و بارەگای گرووپە تیرۆریستییەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵگەی پێویستی داوەتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری تەواوی بەوان ڕاگەیاندووە. لە ئێستادا وەڵامەکەی هەولێر بۆ دەرنەکردنی ئەو گرووپانە بە هیچ شێوازێک قبووڵکراو نییە، لە بەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەشە بۆ دەرکردنی ئەوان هاوکاری حکومەتی هەرێم بکات.
وتیشی: ئێمە وەک تورکیا نەچووینەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە بەڵام لە ڕابردوودا بە درۆن و مووشەک بنکە و بارەگای تیرۆریستانمان کردووەتە ئامانج و لێرە بە دواش ئەو گرووپانە لە ناو خاکی هەرێمدا ڕۆژانی خۆشیان نامێنێت.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە لە درێژەدا وتی: هەرێمی کوردستان دەبێت ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیە بە پێی ڕێکەوتنێکی ئەمنی لە گەڵ حکومەتی بەغدا و هەولێر مامەڵە لە گەڵ ئەو گرووپانەدا بکات. بە پێی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران زانیاری تەواوی لە سەر بنکە و بارەگا و ژمارەی هێز و جوڵەی ئەو گرووپانە هەیە، بەردەوام لێدانە سەربازییەکان کاریگەری خۆیی هەبووە و زیان بە کەسانی ئاسایی نەگەیشتووە.
سەید ئۆفۆقهی بە ئاماژە بە بەشێکی دیکە لە لێدوانەکانی سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەبارەت بە قبووڵنەکردنی کۆبوونەوەی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش لە بنکەی سەربازی هەریر، وتی: ئەمریکا لە هەزاران کیلۆمەتر لەولاوە بە بیانووی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی هاتووەتە ناوچەکە و 45 بنکەی سەربازیی کردووەتەوە و ماف و موڵەتی ئەوە بە خۆی دەدات کە لە دژی گرووپەکانی دژبەری لە هەر شوێنێکی جیهان شەڕ بکات. ئێمە زیانی جیدیمان لە تیرۆریستان پێگەیشتووە و بەدەر لە بەرپرسان و خەڵکی ئاسایی، ژمارەیەک لە زانایانی ئێران کراونەتە ئامانجی ئەو کردەوە تیرۆریستییانە، هەر بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین کە لە بەرامبەر ئەو کردەوانە بەرگری لە خەڵکی خۆمان بکەین. ناوبراو وتی: ئێران هیچ کات بە ئاسانی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر سنورەکانی پێ قبووڵکراو نییە و بەڵگە و زانیاری تەواویش سەبارەت بە جموجوڵی ئەو گرووپانە بە ڕێنمایی دەزگای هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستی لە بەردەستە. ئەمە یاسایەکی نێودەوڵەتییە کە ژیچ وڵاتێک موڵەتی ئەوە نادات لە خاکی وڵاتی دراوسێوە هێرش بکرێتە سەر خاک و خەڵک و بەرژەوەندییەکانی. بوونی بنکەی سەربازی هەریر بووەتە سەرچاوەیەکی مەترسی و قەیران بۆ ئێمە و هەرێمی کوردستان دەبێت بیر لەم بابەتە بکاتەوە. دەبینین کە گەورەترین کۆنسووڵخانەی جیهان لە لایەن ئەمریکاوە لە هەولێر دەکرێتەوە کە پیشان دەدات ئەمریکییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران لە هەرێمەوە پلانی درێژخایەنیان هەیە.
ئەم مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەدا بە ئاماژە بە خاڵە هاوبەشەکانی پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان وتی: ئێمە کێشەمان لە گەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە، لە سەردەمی پێشووش سەرکردەکانی ئەوان ڕوویان لە ئێران کردووە و لە وڵاتی ئێمە ژیاون، ئێمە لە بەرامبەر سەدام پاڵپشتیمان لەوان کرد و لە بۆردومانی هەڵەبجە هاوبەشی خەمەکانی ئەوان بووین، هەر بۆیە شیاو نییە کە ئەم ناوچەیە ببێتە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ بەعسییە هەڵهاتووەکانیش.
سەید ئۆفۆقهی وتی: دۆخەکە بە هیچ شێوازێک قبووڵکراو نییە و دەسەڵاتدارانی هەرێم لانیکەم بیر لە بەرژەوەندی خەڵکی خۆیان بکەنەوە، ئەوان پێویستە دۆخی ئەمڕۆی ئەفغانستان ببینن و بزانن کە پشت بەستن بە ئەمریکا پاشەڕۆژێکی باشی نییە و ئەمریکییەکان خەمخۆری هیچ کەسێک نین.
سەید هادی سەید ئۆفۆقهی بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە زایۆنیستییەکەی هەولێر وتی: دیوە شاراوەکانی ئەو کۆنفرانسە لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە و بەڕێوەچوونی لە گەڵ یادەکانی ئەربەعین دەتوانێت پەیامی تایبەتی هەبێت.
ناوبراو وتی: پێدەچێت کە ئەمریکییەکان، بەعسییەکان، زایۆنیستەکان، ئیماراتییەکان و سعوودییەکان دەستیان لەو پیلانەدا هەبووە. کەسانی وەک سەحەر تایی کە لە ڕابردوو لە دژی ڕێوڕەسمی ئەربەعین هەڵوێستی هەبووە و ئیسرائیل بە وڵاتێکی بەهێز و گەورە ناو دەبات و داوا دەکات کە عێرق پەیوەندیی لە گەڵدا هەبێت.
وتیشی: دەنگۆی هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕژێمی زایۆنیستی ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لە سەر دەکرێت، بەڵام پیلانێکی گەورە بەڕێوەیە و چەند کەسایەتییەکی لاوازی نیشتمان فرۆش توانای بەڕێوەبردنی ئەو کۆنفرانسەیان نییە.
سەید ئۆفۆقهی وتی: ئەوەی کە حکومەتی هەرێم دەڵێت ئاگاداری ئەو کۆنفرانسە نەبووین، درۆیە، چۆن دەبێت کۆنفرانسێک بە بەشداری سەدان کەس بەڕێوە بچێت و حکومەتی هەولێر زانیاری و ئاگاداریی لە سەر نەبێت.
ناوبراو وتی: بۆ ئێمە ئاشکرایە کە ڕژێمی زایۆنیستی چەندە لە ناوچەکە شوێنی خۆیی کردووەتەوە و لە گەڵ هەرێمی کوردستان هاوکاری ئەمنیی هەیە، بوونی ئەو ڕژێمە لە ڕووی ئابورییەوە بۆ هەمووان ئاشکرایە، ئەو کۆنفرانسە هەنگاوێکی مەترسیدار بوو کە دەبێت ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی بکرێت و هەرێمی کوردستان دەبێت بزانێت دەستی بە یارییەکی گەورەتر لە خۆی کردووە و دەتوانێت زیان بە ئاسایشی ناوچەکە بگەێنێت.
ئەم شارەزا سیاسییە سێ سیناریۆی بۆ هاوکاریکردنی زایۆنیستەکان لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە باس کرد و وتی: یەکەم ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا بووەتە دەڵاڵی پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق یان هەندێک لە هۆزەکانی سوننەی ئەم وڵاتە. سیناریۆی دووەم ئەوەی کە پرسی نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکان لە عێراق و پێدانی ناسنامەی فەڵەستینی بەوان لە ئارادایە تا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی تەل ئەبیب توانای گەڕانەوەیان بۆ فەڵەستین نەبێت و سیناریۆی سێهەم هاوشێوەی ئەوەیە کە ئیمارات و بەحرەین کردوویانە، ئەوەی کە پێش ئەوانیش ئەردەن و میسر جێبەجێیان کرد، پەیوەندییەکانی بەغدا لە گەڵ تەل ئەبیب ئاسایی دەکرێتەوە و سێگۆشەیەک دێتە پێشەوە کە عێراق و میسر و ئەردەن لە ناوچەکە پێکی دەهێنن./.