بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: پەیامەکەی ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان، پیشاندەری هەڵوێستی نیشتمانانەی بەڕێزیانە لەم هەلومەرجە هەستیارەی ئێستا لە پێناو بەرگری لە نیشتمان و سەرکەوتنی هاووڵاتیان و لەم ڕووەشەوە جەخت لە سەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئیرادەی ئازادی عێراقییەکان و بەشداری بەربڵاوی ئەوان دەکاتەوە تا کەموکوڕییەکانی سیستەمی حوکمڕانی چارەسەر بکرێت و بەرەو چاکسازی خوازراو هەنگاو بنێین.
هەروەها مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە تویتەردا ڕایگەیاند: ئێمە بە بەرپرسیاریەتییەکی گەورە، پەیامی ئایەتوڵڵا سیستانیمان لە سەر هەڵبژاردنەکان بە ناوەڕۆکە نیشتمانی و مرۆڤانەکەیەوە وەرگرت.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئێمە جەخت لە سەر پابەندبوونی دامەزراوە حکومییەکان لە سەر پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەینەوە و داواش لە کاندیدەکان دەکەین کە پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن و دەنگدەرانیش بەرەو بەشدارییەکی بەربڵاو و هەڵبژاردنێکی درووست بانگهێشت دەکەین./.