بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە پەیامەکەی ئایەتوڵڵا سیستانیدا هاتووە کە مەرجەعی باڵای شێعە هانی هەمووان دەدات تا بە زانیاری و بەرپرسانە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بکەن، هەرچەندە ئەم هەڵبژاردنەش بێ کەموکوڕی نییە بەڵام تەندرووستترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بەو داهاتوویەی کە هیوامان هەیە باشتر لە ڕابردوو بێت و لەو ڕێگایەوە ڕێگری لە قەیرانێکی سیاسی لە وڵاتدا بکات.
ئایەتوڵڵا سیستانی جەختیکردەوە: دەنگدەرانی ئازیز پێویستە وانە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وەربگرن و ئاگاداری بایەخی دەنگەکەی خۆیان و ڕۆڵی گرنگی لە پێکهێنانی داهاتووی وڵاتدا بن، هەر بۆیە لەم دەرفەتە گرنگە بۆ دابینکردنی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا کەڵک وەربگرن و دەستە گەندەڵ و لاوازەکان لە پۆستە سەرەکییەکانی حکومەتدا نەهێڵن.
لەو پەیامەدا هاتووە: مەرجەعیەتی باڵای عێراق وەک ئەوەی کە پێشتر جەختی لە سەر کردووەتەوە، پاڵپشتی لە هیچ کاندید و هاوپەیمانییەک ناکات و دەنگدەرانیش دەبێت بە پێی حەز و بۆچوونی خۆیان دەنگ بدەن بەڵام ئامۆژگاری ئەوەیان دەکرێت کە ئەزموونی کاندیدەکان لە بازنەی هەڵبژاردنەکانی خۆیان لە بەرچاو بگرن و کەسانی شیاوتر و دەستپاک هەڵبژێرن.
مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق هەروەها جەختیکردووەتەوە کە بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەڵبژاردنەکان دەبێت هەوڵ بدەن کە پرۆسەکە لە کەشێکی پڕمتمانە و بە دوور لە کاریگەری لاوەکی وەک پارە و چەکی نایاسایی یان دەستێوەردانی بێگانەکان بەڕێوە بچێت و ئاگاداری شەفافییەتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بن و پارێزەری لە دەنگی دەنگدەرانیش بکەن، لە بەر ئەوەی کە وەک ئەمانەتێک لە سەر ئەوانە./.