بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێدەچێت یەکێک لە گرنگترین ستراتیژەکانی کابینەی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە بواری سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسیەتی ئابوری، تێڕوانینی زیاتر بەرەو وڵاتانی ناوچەکە، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای باشور و وڵاتانی دیکەی بەرەی دژ بە ئەمریکا بێت.
لەم نێوەندەدا چین یەک لەو وڵاتانەیە کە توانایەکی زۆری بۆ هاوکارییە ئابورییەکان لە گەڵ ئێران هەیە. بە پێی ئەزموونی سەرکەوتووی هاوکاری ئێران لە گەڵ چین لە خولی نوێی گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاد و لە پاش بوونی پەیوەندییەکی نزیک لە گەڵ ئەم وڵاتە، تاران لە داهاتوویەکی نزیکدا گرێبەست و ڕێکەوتنی ستراتیژی و سەرەکیی لە بواری وزە، ترانزێت و وەبەرهێنان لە گەڵ پەکین دەبێت.
بە دڵنیاییەوە کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی ئێران لە گەڵ بەرەی وڵاتانی بەرامبەر ئەمریکا بە تایبەت چین و گرێنەدانی ژیان و گوزەرانی خەڵک بە دانوستان لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، هێندە بە دڵی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی خۆش نییە.
لە سەر پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و چین پێویستە ئاماژە بە دوو تێڕوانینی جیا بدرێت کە بریتین لە:
1 – چینییەکان پەیوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ ئێران تەنیا لە چوارچێوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دادەڕێژن و سیستەمی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران پەیرەو دەکەن.
2 – بە هۆی بەسراوەبوونی ئێران و چین لە بواری وزە و ڕوبەڕوبونەوەی ئەم وڵاتە لە بواری ئابوری لە گەڵ ئەمریکا، چینییەکان ئامادە نین بە پێی داواکارییەکانی ئەمریکا پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران ڕێکبخەن. لە ئەنجامی ئەمەش ئێران دەتوانێت بە هاوکاری چین، بە سەر گەمارۆکانی ئەمریکادا زاڵ بێت یان بێ کاریگەریان بکات.
بۆ تاوتوێکردنی ڕاست و درووستیی هەر یەک لەو دوو تێڕوانینە، ئاماژە بە هاوکارییە نەوتییەکانی ئێران و چین لە خولی یەکەمی گەمارۆکان دەدرێت، ئەو خولەی کە بەدەر لە گەمارۆکانی ئەمریکا، بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سزاکانی یەکێتی ئەورووپاش کاریگەرییان لە سەر هەناردەی نەوتی ئێران دانابوو.
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوی ئۆپێک، ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران پێش دەرکردنی بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی جۆزەردانی ساڵی 1389 ی کۆچی هەتاوی (2010) لە نێوان یەک ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل تا یەک ملیۆن و 900 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە. بە دەرکردنی بڕیارەکان ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران پاش یەک ساڵ و نیو گەیشتە یەک ملیۆن و 730 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و تەنیا 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزی.
لەم نێوەندەدا یەکێک لە سیاسەتەکانی جیدیی کۆشکی سپی، بە سفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بوو کە ئەمەش بە هۆی هاوکارییەکانی یەکێتی ئەورووپا لە سەر گەمارۆکان تا ڕادەیەک لە مسۆگەربوون نزیک بوویەوە. لە مانگی پووشپەڕی ساڵی 1391 ی کۆچی هەتاوی (2012) ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران لە ماوەی 6 مانگدا لە یەک ملیۆن و 730 هەزار بەرمیلی رۆژانە گەیشتە کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل و نزیکەی 800 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دابەزی.
چۆن پیلانەکەی ئەمریکا بۆ بە سفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران پووچەڵ کرایەوە؟
بە ڕاگرتنی هاوردەی نەوتی ئێران لە لایەن وڵاتانی ئەورووپی لە ماوەیەکی 6 مانگەدا، ئەمریکا تەنیا یەک هەنگاوی بۆ بە سفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران مابوو و ئەویش هاوکاری چین بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. بەڵام ئەم هاوکارییە لە خولی یەکەمی گەمارۆکان هیچ کات جێبەجێ نەکرا تا هەناردەی نەوتی ئێران لە پووشپەڕی ساڵی 1391 تا بەفرانباری 1394 ی کۆچی هەتاوی (2012 تا 2015) بۆ ماوەی سێ ساڵ لە یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەدا مایەوە.
دەستەبەرکردنی ئەو ڕێژە کەمەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین (یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە) لە هەمولەرجی قەیراناوی خولی یەکەمی گەمارۆکان، ڕۆڵی بەرچاوی لە خۆڕاگری کەرتی ئابوری ئێران و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وڵات لەو کاتەدا هەبوو. ئەڵبەت هاوکاری و هاوڕێبوونی چینییەکان لە گەڵ ئێران لە خولی یەکەمی گەمارۆکان تەنیا بە فرۆشتنی نەوتی ئێرانەوە سنوردار نەبوو.
هەروەها بە هۆی هەلومەرجی گەمارۆکانی ئێران و گرتنەبەری شێوازی نهێنی بۆ فرۆشتنی نەوت، پێدەچێت ئاماری بڵاوکراوەی ڕێکخراوی ئۆپێک سەرجەم داتاکانی تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی ئێران پیشان نادات و ڕێژەی ڕاستەقینەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لە خولی یەکەمی گەمارۆکان زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بووە.
محەممەد عەلی خەتیبی بەڕێوەبەری پێشووتری کاروباری نێودەوڵەتی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران بە ئاماژە بە نەبوونی هاوکاری نێوان چین و ئەمریکا لە پرسی گەمارۆکانی ئێران، وتی: لە خولی یەکەمی گەمارۆکان تەنیا وڵاتێک کە بە تەواوی هاوکاری ئێرانی دەکرد، چین بوو و ئەو هاوکارییەش بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران لە چوارچێوەی بەخشینەکانی ئەمریکادا نەبوو. ئامانجی ئەمریکا ئەوە بوو کە هەناردەی نەوتی ئێران بگاتە خاڵی سفر بەڵام هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران لەو کاتەدا تەنیا یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو کە ئەو ڕێژەش تەنیا بە هاوکاری چینییەکان مسۆگەر دەبوو.
ئایا چین ئێران وەک کارتی وەرگرتنی ئیمتیاز لە ئەمریکا بە کار دێنێت؟
ڕۆستەم قاسمی وەزیری پێشووتری نەوتی ئێرانیش بە ئاماژە بە دۆخی فرۆشتنی نەوتی ئەم وڵاتە لە گەمارۆکانی ساڵی 2011 – 2012 و هاوکاری چینییەکان لە گەڵ ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت، ڕایگەیاند: لەو ساڵانەدا کە ئێران هاوکات گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەورووپا و ئەمریکای لە سەر بوو، بە دانوستان لە گەڵ چەندین وڵات 158 ملیار دۆلار نەوت فرۆشرا، واتە بەرزترین ڕێژەی فرۆشتنی نەوت لە مێژووی سەد ساڵەی ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی بودجە و پلاندانانی ئێران، مامناوەندی نرخی نەوت لە ساڵی 2012، 107.6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بووە. هەروەها بە پێی ئاماری بانکی ناوەندی، کۆی گشتی داهاتی فرۆشتنی نەوت و گاز و بەرهەمە نەوتییەکان لەو ساڵەدا 68 ملیار دۆلار و داهاتی نەوتیش بە تەنیایی 65 ملیار دۆلار بووە. بە پێی ئەوەش، ڕێژەی فرۆشتنی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە ساڵی 2012، یەک ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل بووە.
هەروەها ئەم ڕێژەیە لە هاوکاریی چین بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران لە خولی یەکەمی گەمارۆکان، ئەو پڕوپاگەندانەش ڕەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن پەکین سیستەمی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران پەیرەو دەکات یان چین ئێران وەک کارتی ئیمتیاز وەرگرتن لە ئەمریکا بە کار دێنێت./.