بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کیم سونگ باڵیۆزی کۆریای باکور لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی وتارێکی لە کۆڕی گشتی ئەو ڕێکخراوە جەختی لە سەر مافی وڵاتەکەی بۆ تاقیکردنەوە مووشەکییەکان و گەیشتن بە هەر تەکنۆلۆژیایەکی بواری بەرگری کردەوە.
ناوبراو سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکا لە دژی وڵاتەکەی وتی: ئێمە چاوەڕوانی ئەوە ناکەین کە حکومەتی ئێستای واشنتن واز لە سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەمریکا لە دژی ئێمە بێنێت.
وتیشی کە ئەگەر ئەمریکا لە ڕاستیدا دەیەوێت کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی کۆریا بێنێت، دەبێت واز لە جێگیرکردنی چەکە ستراتیژییەکان لە کۆریای باشور بێنێت.
سونگ وتی کە کۆریای باکور مافی خۆیەتی کە تاقیکردنەوەی مووشەکی بکات بەڵام ویستی ئەوەمان نییە لە دژی کۆریای باشور یان هیچ وڵاتێکی دیکە بەکاری بێنین.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆریای باشور ڕایگەیاندووە، دراوسێکەی باکوری، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە تاقیکردنەوەیەکی سەربازیی هەبووە کە هێشتا وردەکارییەکەی ئاشکرا نەبووە./.