بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان لە میانەی وتارێکی کە بە شێوازی ڤیدیۆکۆنفرانس، شەوی دووشەممە 27 ی ئەیلولی 2021، لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کرایەوە، وتی کە مەسقەت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتی لە ئاشتی لە ئەفغانستان هەوڵ دەدات.
ناوبراو جەختی لە سەر مافی فەڵەستینییەکان بۆ هەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی سنورەکانی ساڵی 1967 کردەوە.
بوسەعیدی هەروەها وتی کە عۆمان پابەندە بە لەبەرچاوگرتنی مافی دراوسێبوون و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە.
وەزیری دەرەوەی عۆمان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە گەڵ سەرجەم لایەنەکان بە تایبەت سعوودیە و نێردەی ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن لە پەیوەندیدایە تا کۆتایی بە شەڕی ئەم وڵاتە بێنێت.
وتیشی کە هیوادارین دانوستانەکانی ڤیەننای تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران بگاتە ڕێکەوتنی سەرجەم لایەنەکانی بەشدار./.