بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەکاتێکدا کە نزیکەی مانگێک بە سەر لێدوانەکەی زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەم گرووپە و تورکیا لە سەر بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ لە قەتەر تێپەڕ دەبێت، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئامادەبوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان چەند مەرجێکی دیاریکرد.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لە سەر پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان کردەوە و ئەمەشی بە هۆکارێکی گرنگ لە گەیشتن بە ڕێکەوتنی نێوان وڵاتەکەی و گرووپی تاڵیبان ناو برد.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەخنەی لەم حکومەتەی ئێستای تاڵیبان گرت و وتی کە ئەگەر حکومەتێکی گشتگیر و بنکەفراوان بێت تورکیا دەتوانێت لە ئەفغانستاندا ئامادە بێت.
ئەردۆغان هەروەها پاراستنی مافی ژنانی وەک مەرجێکی دیکەی هاوکاری لە گەڵ تاڵیبان ناو برد و وتی کە ئێمە دەتوانین پاڵپشتی بەشداری چالاکی ژنانی ئەفغانستان لە کۆمەڵگای خۆیاندا بکەین./.