بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجومەنی باڵای دادی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ بە پشت بەستن بەو زانیارییانە بۆی بەرز کراوەتەوە لە لایەن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییەوە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ویسام حەردان دەرکردووە.
بە پێی ئەو بەیاننامەیە، ویسام حەردان بە تۆمەتی بەشداری لە کۆبوونەوەی بانگەشەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و ڕۆڵی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.
ئەنجومەنی باڵای دادی عێراق هەروەها ڕایگەیاندووە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەر یەک لە میسال ئالوسی و سەحەر کەریم فەرمانبەر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بە هەمان تۆمەت دەرچووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کاتی ئاشکرابوونی ناوی ئەوانەی بەشدارییان لەو کۆبوونەوەدا کردووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرجەمیان دەردەچێت و دەستگیر دەکرێن و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر./.