بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم بینایە لە شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی شاری کاشانە و لە شەقامی فازیل نەراقیدایە. ئەم مزگەوت و خوێندنگەیە کەوتووەتە بەشی کۆن و مێژوویی شارەکە و هێشتا بارودۆخێکی باشی هەیە.
لە ڕووی مێژووییەوە، درووستکردنی بیناکە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی محەممەد شای قاجاڕ دەگەڕێتەوە و لە ساڵانی سەرەتایی دەسەڵاتی نەسرەدین شا کۆتایی هاتووە، واتە لە ساڵەکای 1848 تا 1895 ی زائینی بەرامبەر بە 1264 تا 1313 ی کۆچی مانگی.
ئەم بینایە لە سەر ئاسەوارە بەجێماوەکانی پاش بوومەلەرزەی ساڵی 1192 ی کۆچی مانگی / 1778 ی زائینی یان ساڵانی پێشووی کراوەتەوە.
پێکەوەبوونی بینای مزگەوت و خوێندنگە وایکردووە کە یەکێک لە نموونە جوانە کەلتوری و مێژووییەکانی سەردەمی کۆنی ئێران ببینرێت. درووستکردنی بیناکە بە شێوازێک بووە کە بە هۆی گەرمی هەوای ناوچەکەوە، لە چوار بەشەوە شوێنی کراوەی هەیە و ئاڵوگۆڕی هەوای تێدا بە شێوازی سرووشتی دەکرێت بەڵام لە سەردەمی حاجی مەلا تەقی محەممەد عەلی نەراقی کوڕی ئاغە گەورە لە ساڵی 1285 ی کۆچی مانگی / 1868 ی زائینی، بەشی ڕۆژئاوای کرایەوە و لەو بەشەوە پەیوەندیی بە دەرەوەی بیناکەوە نەماوە و داخراوە.
لە ساڵانی دواتریش هەندێک گۆڕانکاری لە بەشە جیاجیاکانی بیناکەدا کراوە، هەندێک لەو گۆڕانکارییانەش تا ئەو کاتە لە ئێراندا باو نەبووە و لە پاش گەڕانەوەی نەسرەدین شای قاجاڕ لە سەردانی دووەمی بۆ ئەورووپا بەرە بەرە لە ئێراندا کراوە، بۆ نموونە، بەکارهێنانی دەرگای ئاسن. ئەڵبەت لە ساڵانی ڕابردوو ڕێکخراوی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئێران دیسانەوە ئەو دەرگا ئاسنانەی کردەوە هەمان شێوازی کۆن.
لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم بینایەش دەتوانین ئاماژە بە شێوازی درووستکردنی گومەزەکەی بدەین کە لە سەر 8 ئەستوونی گەورە کراوەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە لە وەرزی هاوین و گەرمای زۆری ناوچەکە، هەوایەکی فێنک لەو بینایەدا هەبێت./.