جیهانیان هەمووان ئەوەیان بینی کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا چۆن لە شاشەی میدیاکانەوە دەرکەوت و بڕیاری کشانەوەی ئەمریکای لەو ڕێکەوتنە واژۆ کرد و پاشان 2600 سزای بە نایاسایی و تاکلایانە لە دژی ئێران خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ترەمپ هەروەها هەڕەشەی لە وڵاتانی جیهان کرد کە لە ئەگەری پەیوەندی لە گەڵ ئێران و کڕینی نەوتی ئەم وڵاتە، بە هەمان شێوەی ئێران سزا دەدرێن. ناوبراو هەروەها سەرجەم دەرگا داراییەکانی بۆ کڕینی ڤاکسێنی کۆرۆنا بە ڕووی ئێراندا داخست، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپی لە بەرامبەر ئەو بڕیارانەی ترەمپ نەک تەنیا هیچیان نەکرد بەڵکوو بوونە هاوڕێی کردەوە نامرۆڤانە و دوژمنکارانەکانی ئەمریکا.
جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا، کە لە کاتی واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی لە ساڵی 2015 جێگری باراک ئۆباما بوو، تا پێش گەیشتنی بە کۆشکی سپی بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دوناڵد ترەمپ دەگرت و لە میانەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیش بەڵێنی بە لایەنگرانی خۆی دا کە لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران دووبارە زیندوو بکاتەوە.
بەڵام بایدن لە پاش بوونی بە سەرۆک کۆمار، بەڵێنەکانی لەبیر کرد و ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەرپرسی گەیشتنی ڕێکەوتنی ناوەکییە بەم دۆخەی ئێستا. ناوبراو هەروەها مەرجی ئەوەشی دیاریکرد کە ئێران پێش گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو ڕێکەوتنە، بەڵێنەکانی جێبەجێ بکاتەوە.
ئێستا و لە پاش ئەزموونی تاڵی ئێران لە گەڵ ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) و پابەندنەبوونیان بە بەڵێنەکانیان، ئێران چیدی متمانەی بە لێدوان و بەڵێنی ئەو وڵاتانە و تەنانەت واژۆکانیان نییە. ئەم ئەزموونەش ئەوەی بۆ ئێران سەلماند کە سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا تەنانەت ڕێز لە واژۆکانی یەکتر ناگرن.
هەڵەکەی بایدن لەوەدایە کە گرنگی بە سزا و گەمارۆ زاڵمانەکانی ترەمپ لە دژی ئێران دەدات تا لەو ڕێگایەوە ڕەنگە بتوانێت ئیمتیازێک لە ئێران لە بوارەکانی مووشەکی، بەرگری و سیاسەتی ناوچەیی وەربگرێت، لە بەر ئەوەی کە ئەویش هاوشێوەی ترەمپ بڕوای بەوە هەیە کە گەمارۆکان لە ئاکامدا ئێران بەرەو ڕەزامەندی بە داواکارییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبات. لە کاتێکدا کە ئێران بە کردەوە ئەوەی سەلماندووە کە گەمارۆکان هیچ کات ناتوانێت ئەم وڵاتە بەسراوەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بکات و سەرەڕای گەمارۆکانیش وڵات تەنانەت بە بێ هەناردەی نەوت ئیدارە کراوە.
ئێران ڕایگەیاندووە کە لە زووترین کاتدا بۆ دانوستانەکانی ڤیەننا دەگەڕێتەوە بەڵام نابێت بایدن حسێب لە سەر ئەو سیاسەتە شکستخواردووەی ترەمپ بکات و باشترە لە جێی لێدوانە بێ نرخەکانی، هەنگاوی جیدی لە پێناو جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبگرێت./.